بەرشەلۆنە هەنگاوە گەورەكە دەهاوێ.. میسی دەفرۆشێ

:: AM:10:32:15/08/2017 ‌

سەرچاوەیەكی رۆژنامەوانی ئیسپانی ئاشكرای كرد، دەستەی كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنە بەسەرۆكایەتی جۆزیپ ماریا بارتومیۆ پلانیان داڕشتووە بەیەكجاری دەستبەرداری ئەستێرە ئەرجەنتینییەكەیان لیۆنێل میسی بن.

میسی /30 ساڵ/ ماوەیەك بەر لە ئێستا بەفەرمی گرێبەستێكی نوێی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە تا ساڵی 2020 ئیمزا كرد.

خافێر گۆمێزی رۆژنامەنووس لە تۆڕی هەواڵی (لاسكسیتا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە دەستەی كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنە نیازی هەیە میسی بفرۆشێ بەر لە تەواوبوونی ماوەی گرێبەستەكەی.

رۆژنامەنووسەكە ئاشكراشی كرد كە زانیاری بەدەست گەیشتووە كارگێڕی یانەی بەرشەلۆنە پێیوایە تا دێت ئاستی یاریكردنی میسی لاوازتر دەبێت ئەویش بەهۆی گەورەبوونی تەمەنییەوە، بۆیە پلانیان داڕشتووە بەر لە هاتنی 2020 و بەیەكجاری لەدەستدانی تواناكانی دەستبەرداری ئەو ئەستێرەیان بن.

ئاماژەی بەوەشدا كە سەرۆكایەتی یانەی بەرشەلۆنە دەیەوێ سوود لە پارە زەبەلاحەكەی فرۆشتنی میسی ببینێ تا لە رێگەیەوە گرێبەست لەگەڵ چەند ئەستێرەیەكی لاو ئیمزا بكات و بۆ ماوەی چەندان ساڵی تر داهاتووی تیپەكە مسۆگەر بكەن.

جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە چەند رۆژێك پێش ئێستا یەكێك لە ئەستێرەكانی لەدەستدا ئەویش نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی بوو بۆ یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بەبەهای 222 ملیۆن یۆرۆ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م