رۆناڵدۆ بەهۆی كارتە سوورەكە چی بە یانەی بەرشەلۆنە گوتبوو؟

:: AM:10:52:15/08/2017 ‌

كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی لە كاتی وەرگرتنی كارتە سوورەكەی یاریی جامی سوپەری ئیسپانیا، چەند وشەیەكی نەشیاوی ئاراستەی بەرپرس و یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە كردبوو.

یەكشەمی رابردوو یانەی ریال مەدرید لە یاریی چوونی جامی سوپەری ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگە و جەماوەری خۆی لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ سەركەوتنی بەسەر یانەی بەرشەلۆنەی ركابەری بەدەستهێنا.

رۆنالدۆ دوای هاتنە نێو یاریگە و تۆماركردنی گۆڵی دووەمی یانەی ریال مەدرید، لەلایەن ناوبژیوانەوە دوو كارتی زەردی بەڕوویدا بەرز كرایەوە و بەهۆیەوە بەكارتی سوور لە یارییەكەدا دەركرا.

تەلەفزیۆنی چواری ئیسپانیا بڵاوی كردەوە: رۆناڵدۆ لە كاتی هاتنە دەرەوەی یاریگەدا رووی خۆی بەرەو شوێنی یەدەگی یاریزانانی یانەی بەرشەلۆنە وەرگیڕا بوو و چەند وشەیەكی نەشیاوی ئاراستەكردبوو.

بەگوێرەی سەرچاوەكە رۆناڵدۆ گوتبووی "هەمیشە بەمشێوەیە سەركەوتن بەدەست دێنن؟ بەرامبەر 10 یاریزان".

جێی باسە رۆناڵدۆ لە كاتی وەرگرتنی كارتە سوورەكەدا وەك ناڕەزاییەك بەدەست پاڵی بە ناوبژیوان دانابوو و بەو هۆیەوە لیژنەی ناوبژیوانانی یەكەتیی تۆپی پێی ئیسپانیا سزای راگرتنی 5 یاریی بەسەردا سەپاند.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م