ئینتەر میلان ئەستێرەیەكی بەرشەلۆنەی دەوێ

:: AM:11:02:15/08/2017 ‌

یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی بیر لەوە دەكاتەوە لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ ئەردا تۆرانی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی توركی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئیمزا بكات.

رۆژنامەكانی ئیتاڵیا بڵاویان كردەوە: لۆچیانۆ سپالێتی راهێنەر یانەی ئینتەر میلان داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە بۆ بەهێزكردنی تیپەكەی لە وەرزی داهاتوودا هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ تۆران بدەن.

ئێرنیستۆ ڤالڤێردی راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە بۆ وەرزی داهاتوو بەتەواوی تۆرانی لە پێكهاتەكەی دوور خستووەتەوە و بەرپرسانی یانەكەشی سەرپشك كردووە لە فرۆشتنی.

ئەمە لە كاتێكدایە كە بەم دواییە دەنگۆی ئەوە هەبوو تۆران بەشێوەی خواستن بۆ وەرزی داهاتوو پەیوەندی بە وڵاتەكەی و یانەكەی پێشووی گەلەتەسەڕای دەكاتەوە.

ئەو یاریزانە پیشەگەرەی توركیا لە هاوینی 2015 پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كردووە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ئاستێكی ناوازە پێشكەش بكات و شوێنی خۆی لە پێكهاتەی سەرەكی تیپەكەدا بكاتەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م