لە گوڵاڵە داعش دوو كرێكاری رفاند

:: PM:10:45:15/08/2017 ‌

چەند سەرچاوەیەك دووپاتی دەكەنەوە كە ئێوارەی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش لە سنووری شارەدێی گوڵاڵە دوو كرێكاریان رفاندووە و دەستیان بەسەر سێ ئۆتۆمبێلیشدا گرتووە.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی گەرمیان بە"وشە"ی راگەیاند كە سعات 8 و 10 خولەكی ئەمشەو 15ی ئاب/ ئۆگەستس لە شارەدێی گوڵاڵەی سەر بە شارۆكەی خانەقین، پۆلێك چەكداری داعش كە مەزندە دەكرێت ژمارەیان حەوت چەكدار بووبێت، هەڵیان كوتایە سەر گوندی (ئیسڵاح) لە نێوان شارەدێی گوڵاڵە و شارۆكەی كەلاردا .

زیاتر گوتی، ئەو چەكدارانە دەمامكیان پۆشیبوو بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە، كە لەكاتی هەڵكوتانە سەر ئەو گوندە پەلاماری كارگەیەكی بلۆكیان دابوو.

لای خۆیەوە یەعقووب یووسف، بەڕێوەبەری شارەدێی گوڵاڵە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد كە  سەرباری رفاندنی دوو كرێكار، سێ ئۆتۆمبێلیشان لەگەڵ خۆیاندا بردووە و روونی كردەوە، ئێستە ناوچەكە گەمارۆ دراوە و لێكۆڵینەوە بەردەوامە، بەڵام چەكدارەكان هەڵاتوون.

بەهۆی مانەوەی داعش لە ناوچەكانی حەویجە لە باشووری رۆژئاوای پارێزگەی كەركووك، ئەو ناوچە بووەتە مۆڵگەیەك و بنكەیەك بۆ چەكدارانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە كە لێوە هێرش دەكەن و نائارامیان بۆ پارێزگاكانی كەركووك و دیالە و سەڵاحەدین دروست كردووە. 

گەرمیان/ سەبری هۆرینی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل