ناپۆلیۆن پۆناپارت كێیە؟

:: AM:12:03:16/08/2017 ‌

ناپۆلیۆن لە ١٥ی ٨ی ١٧٦٩دا، لە شاری ئاژاكسیۆ لە دوورگەی كرسیكا، لە بنەماڵەی كارلۆ پۆناپارت لە دایك بووە، بەڕەچەڵەك سەربە كۆماری پائوڵی ئیتاڵی بوون، باوكی ناپۆلیۆن بڕیاری دا جۆزێف و ناپۆلیۆن بنێرێت بۆ فەرەنسا بۆ خوێندن. ناپۆلیۆن لە خوێندنگەی ئوتن دەستی كرد بە خوێندن و لە بوارەكانی مێژوو و ئەدەب و فەلسەفە كتێبی دەخوێندەوە و پەرەی بە تواناكانی دەدا, كە ئەو كات تەمەنی حەوت ساڵ بوو. ناپۆلیۆن زوو چووە ئەكادمیای بریبن بۆ پەروەردەی ئەفسەری تۆپ خانە. لەو سەردەمەدا بەلای ناپۆلیۆنەوە فەرەنسا داگیركەر بوو و ئەو چاوەڕێی دووبارە هەڵدانەوەی ئاڵای پائوڵی بوو لە كرسیكا. ناپۆلیۆن لە ساڵی ١٧٨٢-١٧٨٤ توانی خوێندن تەواو كات و بووە ئەفسەری تۆپخانەی فەرەنسا.

هەموو كەس ناپۆلیۆنی وەكوو سەركردەیەكی سەربازی زۆردار ناسیوە، ئەوەی چەندان وڵاتی داگیر كردووە و شەڕی دژواری ناوەتەوە، نیوەی جیهانی خستووەتە ژێر ڕكێفی خۆی، كەم كەس دەزانن ئەم پیاوە عاشقێكی ناسكی ڕۆمانسیش بووە، ئەو سەربازە نەناسراوە نە پارە و نە دەسەڵات و نە پاریشی لە هزردا بووە، لە دوورگەی كرسیكای دوورەوە گەیشتووەتە بازنەی ڕووداوەكان، ئەویش وەكوو هەموو زۆردارێكی مێژوو چاوی لەوە بووە هەموو جیهان بگرێت. هەرچی نیشانەی ئازایەتی و نەبەردی هەیە لە یەخەی خۆی بدات، سەربەرزانە وەك پاڵەوانێكی شكۆدار بسووڕێتەوە.

لە ناخی ئەو سەركردە زاڵمە هەستی ڕۆمانسیش هەبووە، ئەویش ئەڤیندار بووە و ژانی هەبووە. بۆ دڵدارەكەی سووتاوە و نامەی سۆزداری بۆ نووسیوە، كە پاشان نامەكان باس كران، واتە ئەو نامانەی بۆ "جۆزڤین"ی هاوسەری نووسیبووی، بەلام توێژەرێكی فەڕەنسی توانیبووی چەند لاپەڕەیەك لە ڕۆمانێك لە نووسینی ئەودا، لە هەموو گۆشەكانی دونیادا كۆبكاتەوە، كە بەناوی كلیسۆن یۆجینی لە تەمەنی گەنجیدا نووسیبووی. ئیلهامەكەی لە یەكەم ئەڤینەوە سەرچاوە گرتبوو. ئەو ڕۆمانەش دوو ساڵە لە فەڕەنسا چاپ كراوە، دەزگەیەكی پەخشی بەریتانیش بەنیازە لەو پاییزەدا چاپی بكات. 

ناپۆلیۆن لە ژیانیدا زیاد لە شەست جەنگی كردووە لە ناو ئەمانەشدا چەند جەنگێكی زۆر جێگەی بایەخن یەكێ لەوانە تۆلۆن. ڕاستەوخۆ دوای دوو ساڵ لە شۆڕش لایەنگرانی شانشین شاری تۆلۆنیان لە باشووری فەرەنسا داگیركرد. دیركتوار و باراس سەرداری فەرەنسا داوایان لە ناپۆلیۆن كرد, كە هێزێكی بیست هەزار سەربازی ئامادەكات بۆ گرتنەوەی شاری تۆلۆن. ناپۆلیۆن ژنڕاڵی تۆپخانە بوو زۆر شارەزای هێزی پیادە نەبوو، بۆیە ئەو ئەركەی وەرنەگرت و دەستی لە كاركێشایەوە هاوین و زستانی ١٧٩٤-١٧٩٥ بە هەژاری بەسەر برد. دواتر بەخت یاوەری بوەوە و ژنڕاڵی هێزی تۆپ خانەی فەرەنسا نەیتوانی بچێ بۆ جەنگ. بۆیە ناپۆلیۆن گەڕایەوە و نەخشەی خۆی خستە جێبەجێ كردنەوە، لە ساڵی ١٧٩٦ توانی لەگەڵ هێزی پیادەی كۆماری فەرەنسا شاری تۆلۆن بگرنەوە و ئەمەش ناپۆلیۆنی لە حكومەتدا كردە جێگەی بایەخ و پلەی بەرز كرایەوە. ناپۆلیۆن هەمیشە شانازی بەخۆیەوە كردووە و هەوڵی داوە بە كارەكانی وڵاتەكەی سەرسام بكات، ئەم جەنگەش یەكەم سەركەوتنی بوو و تا بیست بۆ سی ساڵی دواتر هەر لە ناو خەلكەوە باس دەكرا .

كەس لە پیاوانی مێژوو، وەكوو ناپۆلیۆن شوێن پەنجەیان بەسەر مێژووی جیهانەوە بەجێ نەهێشتووەتەوە‌، ئەو دەیان داگیركاری كردووە، له ‌ساڵی 1804 ناپۆلیۆن خۆی بە ئیمپراتۆر لە فەرەنسا ڕاگەیاند، لە ١٠‌ ساڵی ئیمپراتۆریەتەكەی فەڕەنسا لە شەڕێكی نیمچە بەردەوامدا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا توانی بە سەركەوتنەكانی ئەوروپا و ئیسپانیا داگیر بكات و بەرەو سنورەكانی ڕوسیاش پێشڕەوی بكات.

لەساڵی 1812 دا ناپلیۆن بڕیاری دا ڕوسیا داگیر بكات ، بە سوپایەك كەلە شەش سەد هەزار سەرباز زیاتر دەبوو، لەگەڵ ئەوەی سوپاكە گەیشتبوە مۆسكۆ ، بەڵام لەبەر بێ توانایی و نەگەیشتنی كۆمەك و ماندوو بوون و سەرماو سۆڵە ، ناچار بوون پاشەكشە بكەن .

دوای ئەوە ناپۆلیۆن چەند شكستێكی تری هێنا، ناچار لەسەر حوكم دابەزی و دوور خرایەوە بۆ دورگەی "ئیلبا” ، بەڵام لە تاڕاوگەكەی هەڵات و گەڕایەوە فەرەنساو سوپایەكی نوێی كۆكردەوە و كەوتە جەنگین، بەڵام ئەمجارەش لەجەنگی "واتەرلۆن” دا شكستی هێنا لە بەرامبەر سوپای لینگتۆن و بلۆتشردا، لەساڵی 1815 .

لەم شكستەدا ناپۆلیۆن ناچار خۆی دایە دەستی بەریتانیاوە و ئەوانیش وەكوو زیندانیەك ناردیانە دورگەی "سانت هیلینا" لەوێدا مایەوە تا ڕۆژی مردنی لە 5ی ئایاری 1821 دا. ناپلیۆن سەركردایەتی فەرەنسای كرد بۆ مەزنی و هێزێكی نوێ، بەڵام دەشبێ بوترێ هۆی سەرەكی بوو لە دروستكردنی ئازار و مەینەتی و وێرانكردنی ژیانی نەتەوەكەیدا.

سەرچاوە: ئەلجەزیرە



وشە - ژیڤان خۆرانی