پاڵێوراوانی خەڵاتی باشترین یاریزانی 2017ی ئەوروپا

:: AM:09:13:16/08/2017 ‌

یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) ناوی ئەو سێ یاریزانەی بڵاو كردەوە كە پاڵێوراوی كۆتایی خەڵاتی باشترین یاریزانی 2017ی ئەوروپان.

لاپەڕەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) ناوی هەرسێ یاریزانەكەی ئاشكرا كرد كە پاڵێوران بۆ خەڵاتی باشترین یاریزانی 2017 لە پارزەوینی ئەوروپا.

سێ یاریزانەكە برێتین لە: جیانلویجی بوفۆنی گۆڵپارێزی یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی، لیۆنێل میسی ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە و كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید.

هەرسێ یاریزانەكە لە وەرزی رابردووی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا ئاستێكی ناوازەیان لەگەڵ تیپەكانیان پێشكەش كرد، رۆناڵدۆ توانی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید بۆ دووەمجار لەسەر یەك و بۆ جاری 12 لە مێژوودا جامەكە بەدەست بێنێ.

بوفۆن لەگەڵ یانەی یۆڤانتۆس توانیبووی خول و جامی ئیتاڵیا بباتەوە، هەروەها یانەكەشی گەیشتبووە یاریی كۆتای خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا.

میسیش هەر لەسەرەتای وەرزەوە ئاستێكی ناوازەی لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە پێشكەش كرد و لەگەڵ یانەكەی ناسناوی جامی شای ئیسپانیای بردبووەوە.

بۆ دیاریكردنی ناوی باشترین یاریزانی 2017ی ئەوروپا بڕیارە رۆژی 24ی ئەم مانگە لە ئاهەنگێكدا لە شاری مۆناكۆی فڕەنسی ئەنجامی دەنگەكان رابگەیەنرێ و ناوی براوەی یەكەمی هەرسێ یاریزانەكە ئاشكرا بكرێ.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م