بۆچی گۆڕان لە وەڵامی مەلا بەختیار ئەو ڕووداوەی هێنایەوە بەر باس" />

ڕووداوی "كانی ژەنان" چییە؟
بۆچی گۆڕان لە وەڵامی مەلا بەختیار ئەو ڕووداوەی هێنایەوە بەر باس

:: PM:12:35:02/11/2016 ‌

بزووتنەوەی گۆڕان، لە ڕێی تەلەڤزیۆنەكەیانەوە لە وەڵامی مەلا بەختیار، ڕووداوی "كانی ژەنان"ی وەك چەك بەكار هێنا، لە بەرامبەردا مەلا بەختیار خۆی لێ بەری كرد، ئەو ڕووداوە چییە و چ پێوەندییەكی بە پارتییەوە هەیە؟

دوای ئەوەی ڕۆژی 27ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، لە گوتارێكدا مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە سێیەم رۆژی دیداری مێری، ڕەخنەی توندی لە سەرۆكی پەرلەمان و گۆڕان بە گشتی گرت، لەلایەن ئەو بزووتنەوەیەوە بە توندی وەڵام درایەوە و هەندێ نهێنیی مێژووییشی بە شێوەی كۆد باس كرد تا وەك چەكێك لە دژی ناوبراو بەكاری بهێنێ، یەكێك لەو خاڵانە، ڕووداوی "كانی ژەنان" بوو كە ساڵی 1978 ڕووی داوە.

ڕووداوەكە چی بوو؟
بەپێی زانیارییە مێژوویییەكانی دەست "وشە" كەوتوون، لە ساڵی 1978 لە گوندی "كانی ژەنان" لە ناو عەشیرەتی "تاوەگۆزی"، "قادری حەمە ساڵح" كە بە "قالە سوور" ناسراو بووە، مەفرەزەیەكی یەكێتی داوەتی گوندەكەیان دەكات، كە بریتی بوون لە: رەئووف بەگ، شەوكەتی حاجی موشیر و چەند كەسێكی تر، لەو كاتەشدا مەفرەزەیەكی حەوت كەسیی پارتی كە لە عەشیرەتی "تاوەگۆزی" و "شەمێرانی" پێك هاتبوون، لەوێ دەبن و پێكەوە كە بەرپرسەكەیان "عەزیز حەمە ساڵح" برای قالە سوور دەبێت، هەردوو مەفرەزەكەی پارتی و یەكێتی كە خزم و دۆستی یەكتر بوون، بەڵێنی هاوكاری و هاوخەباتییان دابوو تا لە سنووری ئەوانەوە هەمیشە دۆستایەتی و برایەتیی ڕەچاو بكەن.

وەك لە یاداشتەكانیدا "پشكۆ نەجمەدین" شاعیر و نووسەری دیار دەیگێڕێتەوە: مەلا بەختیار نەخشەیەكی دانا، كە بەناوی برایەتی و پەیمان نوێكردنەوەوە بچێتە لای عەزیزی حەمە ساڵح و بە پیلانێك ویستوویەتی لەناوی ببات.

پیلانەكە بریتی بووە لەوەی مەلا بەختیار كۆد بۆ مەفرەزەكەی دادەنێت و پێیان دەڵێ، هەر كات هاوارم كرد "ئارام"، خێرا هەڵدەستین و ڕەمییان دەكەین و ئەوانەشیان خۆیان بەدەستەوە دا، چەكیان دەكەین و دەیانهێنین لەگەڵ خۆماندا.

كاتێ مەفرەزەكەی مەلا بەختیار دەگاتە گوندی "كانی ژەنان"ی تاوەگۆزی، كە ژمارەیان لە نێوان 50 بۆ 70 كەس دەبێت، عەزیزی حەمە ساڵح چەند سەر مەڕیان بۆ سەر دەبڕێت. شەو كاتێك هەردوو مەفرەزەكە دەخەون، لە درەنگانی شەودا مەلا بەختیار (وەك پیلانی بۆ داڕشتبوو) هاوار دەكات: "ئارام!"، مەفرەزەكەی مەلا بەختیار هەڵدەستنەوە و دەمودەست مەفرەزەكەی پارتی ڕەمی دەكەن، شەش كەس دەكوژن و بە برینداری عەزیزی حەمە ساڵح لە خەودا دەگرن!. (بەشێكی زۆری ئەم زانیارییانە لە وتارێكی "شەریف هەژاری" وەرگیراوە و پشتی بە یاداشتەكانی "پشكۆ نەجمەدین" بەستووە كە خۆی شایەتحاڵی ڕووداوەكان بووە).

مەلا بەختیار لە وەڵامدا چی گوت؟
لێپرسراوی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ڕۆژی 30ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر، لە وەڵامی ڕاپۆرتەكەی تەلەڤزیۆنی گۆڕان دەڵێ: ئەو نووسەرانە، زانیارییەكانیان لەبارەی چەند ڕووداوێكی كۆن، لە چەند فەرماندەیەكی دەروون ڕقاویی یەكێتی وەرگرتووە. هەروەها وەك شایەتحاڵ، ناوی چەند كەسێك دەهێنێ و نووسیویەتی: ئەوەی لای من سەیرە، وتارنووسەكانی گۆڕان، هەڕەشە دەكەن گوایە، ئەگەر دژیان قسە بكەم، زۆر شتی ترم لەسەر دەڵێن.

ئەوەی جێی ئاماژەیە، گۆڕان لە ڕاپۆرتەكەیدا نووسیویەتی: ڕووداوەكانی "كانی ژەنان" لە هەورامان و مەلا بەختیاریش نووسیویەتی: ڕووداوەكانی "كانی ژەنان" لە كۆیە، لە كاتێكدا ئەو گوندە دەكەوێتە ناوچەی تاوەگۆزی، نە لە هەورامانە نە لە كۆیە، بەڵكو هۆزێكە لە نێوان هەردوو كوردستانی باشوور و ڕۆژهەڵات و لە باشوور دەكەوێتە ناوچەكانی دەربەندیخان و هەڵەبجە.

بەپێی ڕای چاودێران، ئەگەری هەیە وەڵامەكانی گۆڕان بۆ مەلا بەختیار پێوەندیی نێوانیان بەرەو خراپبوون بباتەوە، لە كاتێكدا ئەو دوو حزبە لە ئایاری ئەمساڵدا ڕێككەوتنێكیان بۆ كاری پێكەوەیی ئیمزا كرد، بەڵام ناوە ناوە لەناو هەردوو حزبەوە دەنگی ناڕەزایی بەرز دەبێتەوە و بە ئاشكرا داوای كۆتاهاتنی ئەو ڕێككەوتنە دەكەن، هاوكات وەك چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن، وەڵامدانەوەی كادرانی گۆڕان و یەكێتی بۆ یەكتر، جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە خاوتر دەكاتەوە و لە هەڵوەشاندنەوە نزیكی دەكاتەوە.

رۆژی 17 ئایار/مایۆ لە شاری سلێمانی هەریەك لە نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆسرەت ڕەسووڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە ئامادەبوونی جەلال تاڵەبانی رێككەوتنی نێوان ئەو دوو حزبەیان ئیمزا كرد، ئەمەش دوای ئەوەی لە 2009 نەوشیروان مستەفا لە یەكێتی جیابووەوە و تا ئەو ماوەیەی خەریكی دانوستاندن بوون بۆ ئەو رێككەوتنە، میدیاكانی گۆڕان بەردەوام یەكێتی و سەركردەكانیان بە گەندەڵ ناودەبرد و بەجۆرەها شێوە هێرشیان دەكردنە سەر، بەڵام دوای رێككەوتننەكە، ئیتر هەموو سەركردەكانی یەكێتی لە گەندەڵی داماڵران و بوونەوە بە كەسی شارەزا و پاك، ئەم رێككەوتنەش بەهۆی ئەوەی دژی سیاسەتی چەند ساڵەی گۆڕان بووە، بەشێك لە هەڵسوڕاو و كادرە دیارەكانی گۆڕانی نیگەران كردووە و بەشێكیشیان دەستیان لەو حزبە كێشایەوە، هاوكات لەلایەنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان چەند سەركردەیەكی دیاری ئەو حزبە نیگەران و ناڕازین لەو رێككەوتنە.

بەهۆی نایاساییبوونی ئاڵوگۆڕی پۆستی پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە كە سلێمانی لای یەكێتی بوو و بە گۆڕان درایەوە و هەڵەبجەش لای گۆڕان بوو ئێستە بووەتە پشكی یەكێتی، یەكێتیی نیشتمانیی بە ناڕاستەوخۆ دەیەوێ شێوە نایاساییەكەی ئاڵوگۆڕی دەسەڵات لەو دوو پارێزگایە وەكخۆی بمێنێتەوە، چونكە ئەمە لە بەرژەوەندی یەكێتیدایە.


وشە - كوردۆ شابان