میسی گەورەترین بەڵێنی بە نیمار دابوو

:: AM:09:40:16/08/2017 ‌

سەرچاوە رۆژنامەوانییەكانی كەتەلۆنیا بڵاویان كردەوە، میسی و لویس سوارێز شەوی 21ی مانگی رابردوو پێش یاریی نێوان بەرشەلۆنە و یۆڤانتۆس لەچوارچێوەی یارییەكانی جامی پاڵەوانان لە هۆتێل شیڕاتۆن لە هەرێمی نیوجێرسی لە وڵاتی ئەمەریكا لەگەڵ نیمار دا سیلڤا دانیشتبوون و داویان لێ كردبوو واز لە بیرۆكەی چوونی بۆ یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی بێنێ و هەر لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بمێنێتەوە.

هەرسێ ئەستێرەكە ماوەیەكی زۆر بەیەكەوە دانیشتبوون و هەردوو یاریزانەكەی ئەرجەنتین و پاڕاگوای هەوڵێكی زۆریان دابوو ئەستێرەكەی بەڕازیل پەشیمان بكەنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیان بمێنێتەوە.

میسی لە دانیشتنەكەدا بەڵێنی بە نیمار دابوو هاوكاری بكات بۆ گەیشتن بە ئامانجە سەرەكییەكەی كە بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانە، میسی راستەوخۆ پێی گوتبوو "چیت دەوێ؟ دەتەوێ خەڵاتی تۆپی زێڕین ببەیتەوە؟ من ئەو خەونەت دەهێنمە دی".

بۆ رۆژی دواتر و لە یارییەكەی نێوان بەرشەلۆنە و یۆڤانتۆس، میسی بەڵێنەكەی بە كردار سەلماندبوو و چەندان تۆپی بۆ نیمار ناردبوو تا گۆڵ تۆمار بكات و ئاستێكی بەرز پێشكەش بكات، لەو یارییەدا یانەی بەرشەلۆنە بە ئەنجامی 2-1 گۆڵ یارییەكەی بردەوە و هەردوو گۆڵەكەش لەلایەن نیمار هاتنە تۆماركردن كە گۆڵێكیان میسی بۆی دروست كردبوو.

بەڵام لە كۆتاییدا میسی و سوارێز نەیانتوانی نیمار رازی بكەن واز لە چوونی بۆ یانەی پاریس سان جێرمان بێنێ، ئەو ئەستێرە بەڕازیلییە پارە زەبەلاحەكانی قەتەڕی پێ باشتر بوو لە بەڵێنی میسی هاوڕێی بۆ بردنەوە خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان.

ئێستا نیمار لە بڕی هاوكاریكردن، دەبێت ركابەرییەكی سەرسەختی میسی بكات بۆ ئەوەی بەسەریدا زاڵ بێت و خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی لەژێر چنگ دەربێنێ.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م