بەرشەلۆنە و ریال مەدرید لەماوەی 5 ساڵدا ملیارێك یۆرۆیان خەرج كردووە

:: AM:09:54:16/08/2017 ‌

هەردوو گەورە یانەی ئیسپانی ریال مەدرید و بەرشەلۆنە لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا زیاتر لە یەك ملیار یۆرۆیان لە هێنانی یاریزاناندا خەرج كردووە.

یانەی ریال مەدرید لە ساڵی 2013وە تا ئێستا بڕی 505.7 ملیۆن یۆرۆیان لە گرێبەستی یاریزانانی نوێدا خەرج كردووە، یانەی بەرشەلۆنەش كەمێك زیاتری خەرج كردووە كە 509.1 ملیۆن یۆرۆ بووە.

یانەی ریال مەدرید لە هاوینی 2013وە بەشێوەیەكی رژد دەستی بە هێنانی یاریزانانی نوێ كرد و لەو ساڵەدا گرێبەستی لەگەڵ هەریەك لە یاریزانان ئیسكۆ، دانی كارڤاخال، گاریس بێڵ، ئەسیر ئێرامێندی و كاسیمێرۆ كرد، لەو كاتەشدا یانەی بەرشەلۆنە نیمار و بۆیانی هێنا یانەكەیەوە كە ئەمەی دوایی نەیتوانی ئاستێكی باش پێشكەش بكات و دواتر فرۆشرا بە یانەی ستووك سیتی لە هاوینی 2014.

ئەگەر ئێستا سەریرێكی تیپی یانەی ریال مەدرید بكەین دەبینین 13 یاریزانی سەرەكی یاریی دەكەن كە لە دوای 2013وە هاتوونەتە تیپەكەوە، لە ریزی یانەی بەرشەلۆنەش 16 یاریزان هەن كە تا ئێستا بەردەوامن لەگەڵ یانەكەدا.

لەبەرامبەریشدا لە ماوەی ئەو 5 ساڵەدا چەندان یاریزانی تر هەن كە بەتەواوی ریزی هەدوو یانەكەیان جێهێشتووە كە گرینگترینیان نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی بوو كە سەرەتای ئەم مانگە بە 222 ملیۆن یۆرۆ چووە ریزی یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسییەوە، لە ریزی یانەی ریال مەدریدیش لەم هاوینەدا خامیس رۆدریگیز، ئەلڤارۆ مۆراتا و دانێلۆ بارگەی تێكنابوو.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م