ئارسناڵ داوای گۆڕینەوەی كردووە.. بزانە ریال مەدرید چ وەڵامێكی داوەتەوە؟

:: AM:10:28:16/08/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە یانەی ئارسناڵی ئینگلیزی داوای لە هاوتا ئیسپانییەكەی ریال مەدرید كردووە هێرشبەرەكانیان ئەلێكسیس سانچێزی چیلی و كەریم بەنزیمای فڕەنسی بگۆڕنەوە.

رۆژنامەی (دۆن باڵۆن) ئاشكرای كرد: یانەی ئارسناڵ بەفەرمی داوای لە یانەی ریال مەدرید كردبوو هەوڵی رێككەوتن بدەن بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا سانچێز و بەنزیما بگۆڕنەوە.

بەڵام یانەی ریال مەدرید داواكەی رەت كردبووەوە و جەختی كردبووەوە بەهیچ شێوەیەك نیازیان نییە لەم وەرزەدا دەستبەرداری بەنزیما بن، روونیشیان كردبووەوە كە هێرشبەرەكەیان یەكێكە لە پلانە سەرەكییەكانی زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی بۆ یارییەكانی وەرزی داهاتوو.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە ئارسین ڤینگەری راهێنەری یانەی ئارسناڵ ماوەیەكی زۆرە هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ بەنزیما دەدات، جگە لەوەش بەهۆی ناكۆكییەكانی لەگەڵ سانچێز لە ماوەی رابردوودا وای لێكردبوو داوای گۆڕینەوەی هەردوو یاریزانەكە لە یانەی ریال مەدرید بكات.

بەنزیما گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی ریال مەدرید تا ساڵی 2019 بەردەوامی هەیە، بەڵام سانچێز ماوەیەكە كێشەی لەگەڵ یانەی ئارسناڵ هەیە و لە ئێستاشدا دەستەوارەی زەبەلاحی لەلایەن یانەكانی مانچستەر سیتی ئینگلیزی و پاریس سان جێرمانی فڕەنسییەوە ئاراستەكراوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م