شەش زانكۆی دهۆك بە هاوبەشی هەڵمەتی پشتیوانی ڕیفراندۆم ڕادەگەیەنن

:: AM:10:57:16/08/2017 ‌

بۆ هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان و هاندانیان بۆ بەشداری لە پرۆسەی ڕیفراندۆم و دەنگدان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، شەش زانكۆی سنووری پارێزگای دهۆك لیژنەیەكی هاوبەشیان پێك هێنا و دەست بە هەڵمەتەكانیان دەكەن بۆ سەرخستنی پرۆسەی ڕیفراندۆم لە كوردستان.


د. موسڵیح دهۆكی سەرۆكی زانكۆی دهۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بە ئامانجی سەرخستنی ڕیفراندۆم و دەنگدان بە بەڵێ لە ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەری ئەمساڵ، زانكۆی دهۆك لەگەڵ پێنج زانكۆی تری سنووری دهۆك، لیژنەیەكی هاوبەشمان پێك هێنا، بۆ ئەوەی هەموو توانای خۆمان وەگەڕ بخەین بۆ سەرخستنی ڕیفراندۆم و هاندانی خەڵكی پارێزگاكەمان بۆ دەنگدان بە بەڵێ لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا.

هەروەها گوتی، لیژنە هاوبەشەكەی شەش زانكۆكەی دهۆك بەهیچ شێوەیەك تێكەڵی حزبایەتی و سیاسەت نابێ، بەڵكو لە ڕێی كار و بەرنامەی تایبەتی خۆمان لە ئەنجامدانی چالاكی جیاواز بۆ ڕیفراندۆم كار دەكەین، چونكە ڕیفراندۆم پرۆسەیەكی نیشتمانییە و پێوەستە بە كۆی خەڵكی نیشتمانەكەمان و بۆ حزبەكان و لایەنێك نییە.

ئاماژەی دا، بەرنامەی تایبەت و پۆستەر بەسەر هەموو چین و توێژینەكان دابەش دەكرێ، كەسانی پسپۆڕ و مامۆستایانی زانكۆ خەڵك هۆشیار دەكەنەوە و بەرچاوڕوونی زیاتریان پێشكەش دەكەن و لە ڕۆژانی داهاتووش دەست بە بەرنامەكانمان دەكەین و لەگەڵ میدیاكان پێوەندیی تۆكمەمان هەیە و دەمانەوێ وەك بزاوتێك بۆ پرسێكی نیشتمانی ئەو هەڵمەتە دەست پێ بكەین.

زانكۆ بەشدارەكان لەو هەڵمەتە بۆ پشتیوانی و سەرخستنی ڕیفراندۆم، بریتین لە زانكۆی دهۆك، زانكۆی زاخۆ، زانكۆی جیهان، زانكۆی ئەمەریكی لە كوردستان، زانكۆی ئاكرێ، زانكۆی ئیشق.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د