بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە ئاشكرای كرد، نەخۆشیی سكچوون و ڕشانەوە بە ڕێژەیەكی زۆر لە ماوەی دوو هەفتەی ڕابردوو لە هەڵەبجە بڵاو بووەتەوە و تەنیا لە شەش ڕۆژدا 300 منداڵ گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكان.
سنوور حامید بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی ڕشانەوە و سكچوون، ڕۆژانە خەڵكێكی زۆر سەردانی نەخۆشخانەكانمان دەكەن، دوو هەفتەیە خەڵكێكی زۆر تووشی ئەو حاڵەتە بوونە و لە ناوچەكە ئەم جۆرە نەخۆشییە بڵاو بووەتەوە.
هەورەها گوتی، هۆكاری تووشبوونی خەڵك بەم نەخۆشییە، ئاو و خواردنی پیسە، بەتایبەت ئەو خۆراكانەی لەسەر عەرەبانەكانن تیشكی خۆریان بەردەكەوێ، بۆ پیسی ئاویش لیژنەكانی تەندروستی پشكنینیان كردووە و ئاوی شارەكە بێ كێشەیە و هیچ زیانێكی نییە.
ئاماژەی دا، پێویستە هاووڵاتییان لەم وەرزە وریا بن لە خواردنی پیس و بەركەوتنی بە تیشكی ڕۆژ و بەرزی پلەی گەرما، بۆ پاراستنی هاووڵاتییانیش سەوزە و خەیار و دۆ لە چێشتخانەكانی ناوشار قەدەغە كراون.
بەگوێرەی ئامارێك تەنیا لە شەش ڕۆژی ڕابردوو زیاتر لە 300 هاووڵاتی تووشی سكچوون و ڕشانەوە بوون لە شاری هەڵەبجەدا.
نازم بەختیار هاووڵاتییەكی هەڵەبجەیە و بۆ "وشە" گوتی، شەو و ڕۆژێك لە نەخۆشخانە مامەوە و چارەسەری پێویستم وەرگرت، چونكە تووشی سكچوون و ڕشانەوەی زۆر بووم، لە دەرەوەش نان ناخۆم، نازانم هۆكاری چییە كە تووشی ئەو پەتایە بووم.
هەڵەبجە/سەلام هانەدنی.