كلاسیكۆ.. ئەمشەو داوای ریمۆنتادا لە میسی دەكەن

:: AM:11:37:16/08/2017 ‌

رۆژنامە كەتەلۆنییەكان ئەمڕۆ چوارشەم لە یاریی كلاسیكۆی گەڕانەوەی جامی سوپەری ئیسپایا بەرامبەر یانەی ریال مەدرید داوا لە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی دەكەن ریمۆناتادا دووبارە بكاتەوە.

ئەمڕۆ چواشەم سەعات 12ی شەو بەكاتی كوردستان، یانەی بەرشەلۆنە لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە یاریی گەڕانەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا رووبەڕووی یانەی ریال مەدریدی ركابەری دەبێتەوە، یەكشەمی رابردوو یانەكە لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ دۆڕا بوو.

رۆژنامەی (سپۆڕت)ی كەتەلۆنی لەسەر لاپەڕەی یەكەمی ژمارەی ئەمڕۆ چوارشەمدا داوای لە میسی كردبوو هەمان ئاهەنگی گۆڵ تۆماركردنی یاریی كلاسیكۆی وەرزی رابردووی خولی ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ دووبارە بكاتەوە.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدابوو كە بەرشە پشت بە میسی دەبەستێ بۆ ئەوەی ریمۆنتادایەكی نوێ لەنێو یاریگەی بێرنابیۆ دووبارە بكاتەوە تا رووی راستەقینەی یانەكە بۆ هەموو جیهان بخاتەڕوو و قەرەبووی شكستەكەی یەكشەمی رابردوو بكاتەوە و دواجاریش جامی سوپەری ئیسپانیا بەرز بكاتەوە.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ش لەسەر لاپەڕەی یەكەم وێنە بەناوبانگەكەی میسی لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بڵاو كردبووەوە و بەگەورەیش لەسەر وێنەكە نووسیبووی "شانازی" وەك ئاماژەیەك بۆ دووبارە كردنەوەی ریمۆنتادا مێژووییەكەی وەرزی رابردوو.

لای خۆشییەوە لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و كاپتنی دووەمی یانەی بەرشەلۆنە لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئینستگرام) ئاماژەی بەوەدابوو كە یانەی بەرشەلۆنە دەتوانێ ئەمڕۆ قەرەبووی شكستەكەی رابردوو بكاتەوە و لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ سەركەوتنێكی گەورە بەدەست بێنێ.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م