محەمەد حوسێن باقری كە باڵاترین بەرپرسی سەربازیی ئێرانە، سەردانی توركیای كردووە و دەیەوێ لەگەڵ سەرۆك كۆمار و بەرپرسانی باڵای سەربازیی توركیا كۆ ببێتەوە، بە رواڵەت وەك راگەیاندنەكانی خۆیان باسی دەكەن، مەبەستی سەردانەكە پتەوكردنی پێوەندییە تەناهی و سەربازییەكانە و دەیانەوێ بە یەكەوە دژی تیرۆر كار بكەن، بەڵام لە راستیدا ئەوەی ئەوانەی لە دەوری یەكتر كۆ كردووەتەوە، پرسی ریفراندۆم و گۆڕانكارییەكانی داهاتووی عێراق و سووریایە.
ئێران دەڵێت گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، ئاسایشی هەردوو وڵات، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، ئامانجی سەرەكیی ئەو سەردانەی باقری بۆ توركیایە، بەڵام پرۆسەی دەستپێكردنی رزگاركردنی تەلەعفەر و ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كورستان، گرنگترین ئەو خاڵانەن كە هۆكار بووە لەوەی دوای ساڵانێكی درێژ باڵاترین بەرپرسی سەربازیی هەردوو وڵاتی توركیا و ئێران لەسەر مێزێك كۆ ببنەوە.
محەمەد حوسێن باقری سەرۆكی ئەركانی گشتی سەرجەم هێزە چەكدارەكانی ئێرانە و شاندێكی باڵای سەربازیش لەو سەردانەیان بۆ ئەنقەڕە هاوڕێیەتی باقری دەكەن.
میدیاكانی ئێران دەڵێن سەرلەشكر باقری لەسەر بانگهێشتی توركیا بەرەو ئەو وڵاتە رۆیشتووە، توركیا و ئێران لانی كەم لە ١٠٠ ساڵی رابردوودا پێوەندییەكی دۆستانەیان هەبووە و بۆ مەبەستی هاوكاری و هاوئاهەنگی زیاتری ئەو دوو وڵاتە لەگەڵ بەرپرسانی سەربازیی توركیا كۆ دەبنەوە.
محەمەد حوسێن باقری دوای ساڵانێكی درێژ مەبەست لەو سەردانەی بۆ چەند خاڵێك گەڕاندووەتەوە كە بریتین لە پرسی ناوچە و گۆڕانكارییە سیاسییەكان، پرسی تەناهیی هەردوو وڵات، ئاسایشی سنوورەكان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
بەڵام ماڵپەڕی دۆیچەوێلێی ئەڵمانی بڵاوی كردەوە، سەردانەكەی باقری كە بە یەكەم سەردانی ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییەی ئێران بۆ توركیا هەژمار دەكرێت، دوای ئەوەی لەلایەن خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە فەرماندەی سەرجەم هێزە چەكدارەكان دەستنیشان كرا.
هێزە چەكدارەكانی ئێران جگە لە ئاسایش و پۆلیس، سوپای پاسداران و ئەرتەشیش لەخۆ دەگرێت. ئەرتەش ئەو هێزەیە كە مەشروعیەتی نێودەوڵەتی هەیە و دوای رووخانی رژێمی شای ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، تەنیا فەرماندەكانی گۆڕان و وەك خۆی مایەوە و سوپای پاسدارانیش لە دوای هاتنی خومەینی دروست كرا و زۆرترین رۆڵی سەربازی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا بینیوە.
باقری لە میانەی ئەو سەردانەیدا بۆ توركیا، چاوی بە هەریەك لە ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا و وەزیری بەرگریی ئەو وڵاتە دەكەوێت.
یەكێك لەو گۆڕانكارییە گرینگانەی لە سووریا رووی داوە، بریتی بووە لە شكست و پاشەكشەی هێزە تیرۆریستییەكان و ئێرانیش هاوشێوەی توركیا دەیەوێت زۆرترین رۆڵی لە گۆڕانكارییەكانی سووریادا هەبێت، هەردوو وڵاتیش هاوشێوەی رووسیا دەیانەوێت ببنە چاودێر بەسەر ئەو ناوچانەی بە ناوچەی دژەفڕین یان ئارام ناسراون.
زۆرێك لەو هێزانەی كە دژی بەشار ئەسەدن، حەز بەوە ناكەن ئێران لە سووریادا هیچ رۆڵێك ببینێت.
یەكێك لە گرنگترین رووداوەكانی ناوچەكە كە لای هەریەك لە ئێران و توركیا نیگەرانی لێ كەوتووەتەوە، بریتی بووە لە بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە هەرێمی كوردستان كە بڕیارە لە ٢٥ی ئەیلوولی ئەمساڵ لە هەر چوار پارێزگای هەرێمی كوردستان و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەڕێوە بچێت.
عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی زۆر نیگەرانە و تەنانەت بە راشكاوی دژایەتی خۆی بۆ ئەو هەنگاوانە راگەیاندووە. هۆشدارییەكە تەنیا لە لایەن خامنەیی نەبووە، بەڵكو محەمەد حوسێن باقریش پێشتر نیگەرانی خۆی بە بەرپرسانی هەرێمی كوردستان راگەیاندووە. ئەو مانگێك لەمەوبەر گوتبووی پرسی ریفراندۆم هەرگیز لە لایەن دراوسێكانی هەرێمی كوردستانەوە قبووڵ ناكرێت.
پێ دەچێت لەگەڵ نزیكبوونەوەی بەڕێوەچوونی ریفراندۆم، نیگەرانییەكانی ئێرانیش زیاتر بووبێت، بۆیە بۆ تاوتوێكردنی ئەم پرسە دەستپێشخەری كردووە و بەرزترین بەرپرسی سەربازیی خۆی رەوانەی توركیا كردووە بۆ ئەوەی بەیەكەوە چارەیەك بۆ ئەمە بدۆزنەوە و پیلانێكی نوێ لە دژی دابڕێژن.
وڵاتانی داگیركەری كوردستان كە هەریەك لە سووریا، عێراق، توركیا و ئێرانن، لە مێژوودا ناكۆكی قووڵیان لەگەڵ یەكتردا هەبووە، بەڵام هەموو كاتێك پرسی كورد ئەوانەی وەك برای گیانی بە گیانی لە دەوری یەكتر كۆ كردووەتەوە و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش كە لە راستیدا برای یەكترین، كەچی بەرامبەر ئەو پیلانانە پشتیان لە یەكتر كردووە و ئامانجە سەرەكییەكانی خۆیان بیر كردووە و پەرتەوازە و نایەكگرتوون.
جێی باسە خاڵێكی تر كە هۆكارە لەوەی باقری بە پەلە خۆی بگەیەنێتە توركیا، پرسی تەلەعفەرە كە لە لایەك هێزەكانی ئەمەریكا و لە لایەكی تر حەشدی شەعبی لە رزگاركردنیدا بەشدارن، شارۆكەكەش زۆرینەی توركمانن و توركیا خۆی بە خاوەنیان دەزانێت. دوای رزگاربوونی مووسڵ و ئێستەش تەلەعفەر، ئەو وڵاتانە لە هەوڵدان هەر كامێكیان بە شێوازی تایبەتیی خۆیان هەژموونی خۆیان لە گۆڕانكارییەكانی داهاوتووی عێراق بسەپێنن.