حه‌بیب ته‌رفی سه‌ركرده‌یه‌كی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی و په‌رله‌مانتاری عێراق، له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا ده‌ڵێ، ئومێد ده‌كه‌م كورد ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌بێت و رێز له خواسته‌كانیان بگیرێت كه بێگومان گه‌لێكی سته‌ملێكراوه، هاوكات دۆخی كورد له عێراق له هه‌ر وڵاتێكی تری ناوچه‌كه باشتره، بۆیه حه‌ز ناكه‌ین كه بكه‌وینه كێشه‌وه.
*راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چۆن ده‌بینن؟
وه‌ك خۆم ئومێد ده‌كه‌م كورد ده‌وڵه‌تی خۆیان هه‌بێت و رێز له خواسته‌كانیان بگیرێت كه بێگومان گه‌لێكی سته‌ملێكراوه، به‌ڵام ده‌بێت بگوترێت كه دۆخی كورد له عێراق له هه‌ر وڵاتێكی تری ناوچه‌كه باشتره له ئێران و توركیا و رووسیا و سووریا، بۆیه ره‌نگه له‌و رێیه‌وه چه‌ند كێشه‌یه‌ك بێته ئاراوه كه ره‌نگه دۆخی هه‌رێمی به‌رگه‌ی نه‌گرێت.
*شاندی كورد سه‌ردانی به‌غدای كردووه و كارنامه‌كه‌یان دیاره، ئاستی قبووڵكردنی كارنامه‌كه‌یان له‌لایه‌ن به‌غدا و هاوپه‌یمانی نیشتمانییه‌وه چه‌نده؟
به‌غدا و هاوپه‌یمانی نیشتمانی كراوه‌ن به‌رووی ئه‌و شانده‌وه، به‌ڵام له رێی سه‌پاندنی خواسته‌كان نا، به‌ڵكو له رێی وتوێژی هێمنانه و برایانه‌وه و تیایدا پێشتر بیر له به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق بكرێته‌وه ئینجا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تر. گۆڕانی هه‌ڵوێستی به‌غدا و ره‌وتی حیكمه له به‌رامبه‌ر ریفراندۆمه‌وه پێوه‌سته به هه‌ڵوێستی شاندی كوردستان بۆ به‌غدا، تۆ ده‌زانی سیاسه‌ت دوور و نزیكی تیادا نییه و به‌رژه‌وه‌ندییه، كه پێویسته وه‌ك سوننه و شیعه و كورد به‌رژه‌وه‌ندیی عێراقمان له پله‌ی یه‌كه‌م بوێت.
*پێوه‌ندییه‌كانی شیعه و كورد باش و مێژوویی بوو، به‌ڵام ئێسته ساردی و دووركه‌وتنه‌وه و تا راده‌ی نه‌یاری دروست بووه، هۆكاره‌كه‌ی چییه؟
به‌ڵێ ساردی هه‌یه و ئه‌وه‌ش هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه له هه‌موو شتێك ده‌توانین موجامه‌له بكه‌ین، یه‌كپارچه‌یی وڵات نه‌بێت، هاوپه‌یمانی نیشتمانی و ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی و ئێسته‌ش ره‌وتی حیكمه له نزیكترین پێكهاته‌كانن له كورد، به‌ڵام كاتێك بابه‌ته‌كه ده‌گاته نه‌مانی یه‌كپارچه‌یی وڵات، ناتوانرێت موجامه‌له‌ی تیادا بكرێت، ته‌نانه‌ت ئه‌و كاته‌ی له به‌سڕه پرسی ریفراندۆم خرایه روو، به‌توندی وه‌ڵام درایه‌وه، هاوكات كوردستان دۆخێكی تایبه‌تی هه‌یه، بۆیه وه‌ڵامه‌كان به شێوه‌یه‌ك بوون به گرنگی نه‌دان به‌و داوایه‌ی كورد كه ئه‌وه‌ش په‌یامێكه بۆ كوردستان به‌وه‌ی ئێمه رازی نین له‌سه‌ر كارێك كه یه‌كپارچه‌یی وڵات تێك بدات و بمانخاته ناو چه‌ند كێشه‌یه‌ك كه ناتوانین خۆمانی لێ لابده‌ین.
*عه‌ماڕ حكیم و خێزانه‌كه‌ی كه‌سانێك بوون له كورده‌وه نزیك بوون، به‌ڵام هه‌ڵوێسته‌كانی دوایی زۆر نه‌یاری بۆ كورد تیادابوو، بۆچی؟.
له‌و هه‌ڵوێسته‌ی حه‌كیم سه‌ره‌ڕای نزیكی له كورده‌وه دیار ده‌كه‌وێ كه ئه‌و بابه‌ته چه‌ند مه‌ترسیداره، ده‌زانرێت كه حه‌كیم نزیكترین كه‌س بووه له كورد، به‌ڵام ئه‌و كاته‌ی پرسه‌كه پێوه‌سته به یه‌كپارچه‌یی وڵات و ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی رای گه‌یاندووه ئه‌رێنییه بۆ عێراق نه‌ك نه‌رێنی، چونكه یه‌كپارچه‌یی وڵات موجامه‌له‌ی له‌سه‌ر ناكرێت و ناكرێت ئه‌و ماڵه‌ی هه‌ردووكمان كۆ ده‌كاته‌وه تێكی بده‌ین، ته‌نیا له دوای وتوێژێكی هێمنانه و ئازایانه نه‌بێت كه تیایدا مافی و ئه‌ركی هه‌مووان دیاری بكرێت، دواتر بنه‌مایه‌كی تری ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حه‌كیم نه‌كه‌وتنه كێشه‌ی كوردستانه له‌كاتی جیابوونه‌وه‌ی له عێراق، كه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت چه‌ندان كێشه رووبه‌ڕووی ببنه‌وه، ئه‌وه‌ش له‌و سۆنگه‌ی گه‌لی كوردستان لای ئێمه خۆشه‌ویسته.
*هه‌ڵوێستی ره‌وتی حیكمه له به‌رامبه‌ر ریفراندۆمی كوردستان و مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لی كورد چییه؟
هه‌موو وڵاتانی دیموكراتی له دنیا چه‌ند پره‌نسیپێكی جێگیر فه‌رمانڕه‌واییان ده‌كات و رێكیان ده‌خات، له عێراقیش ده‌ستوورێك فه‌رمانڕه‌واییمان ده‌كات كه له‌وانه‌یه برایانی كورد زیاترین سوودمه‌ندی ئه‌و ده‌ستووره بن، ئه‌و كاته‌ی سه‌یری ده‌ستووره‌كه ده‌كه‌ین هه‌ر له یه‌كه‌م ماده‌یه‌وه تا 144مین ماده، هیچ شتێكی تیادا نییه به‌ناوی ریفراندۆم و جیابوونه‌وه یان چاره‌ی خۆنووسین، یه‌كه‌م ماده‌ی ده‌ستوور ده‌ڵێ عێراق ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتووه و سیسته‌مه‌كه‌ی فیدراڵییه و سیسته‌می فهرمانڕهوایییهكهی دیموكراتی په‌رله‌مانییه و ئه‌و ده‌ستووره‌ش زه‌مانه‌تی یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌كات، بۆیه هه‌ر رێوشوێنێكی تر به‌ده‌ر له‌وه پێشێلكردنی ده‌ستووره و بۆ ئه‌وانی تر پابه‌ندبوونی تیادا نییه.
بابه‌تێكی تر كه باس له مافی چاره‌ی خۆنووسین ده‌كرێت، ئه‌وه‌یان وه‌ك دروشم و ئه‌ده‌بیات له بۆ گه‌لانی داگیركراو له ناوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هاتووه، ئێسته كورد سه‌ركردایه‌تی خۆی و عێراقیش ده‌كات، سه‌رۆك كۆمار و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك وه‌زیری حكوومه‌تی عێراق كوردن، به‌ڵكو ژماره‌یه‌كی زۆر له به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی و جێگری وه‌زیران له به‌غدا كوردن، به‌ڵكو ئه‌و دامه‌زراوه‌ی ئێمه وه‌ك په‌رله‌مانتار ده‌پارێزێت له په‌رله‌مان كوردییه.
پرسه‌كه ته‌نیا ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی نییه، پێویسته سه‌یری دوای ئه‌وه بكه‌ین، هه‌موو ئه‌و ده‌وروبه‌ری پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ده‌ن نه‌یاری پرۆسه‌كه‌ن له توركیا و ئێران، هه‌رچی له عێراقه، كورد پێكهاته‌یه‌كی خۆشه‌ویست و رێزلێگیراو و بنه‌ڕه‌تی عێراقه، به‌ڵام مافی ئه‌وان به ته‌نیا نییه كه بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی عێراق بده‌ن كه له‌لایه‌ن هه‌موو عێراقییه‌كانه‌وه دیاری ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌و ریفۆاندۆمه كرا، وڵاتانی دنیا به‌دوای به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیانن، بۆیه ئه‌وان ناتوانن بهژهوهندییان له وڵاتێكی ترازاو ده‌ست بكه‌وێ، به تایبه‌تی كاتێك ده‌وروبه‌ری عه‌ره‌بی ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه، به‌تایبه‌تی له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، چونكه ئه‌گه‌ر كورد جیا بوونه‌وه، شیعه له سعوودیه و قیبتییه‌كان له میسر و ته‌واریق له جه‌زائیر ده‌وڵه‌تیان ده‌وێ، بۆیه ئه‌و هه‌نگاوه حه‌زی ئه‌وانیش زیاد ده‌كات بۆ جیابوونه‌وه، بۆیه ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه. باشتره كه پرسی ریفرانۆدم دوا بخرێت و ئه‌گه‌ر كێشه‌یه‌كیش له‌باره‌ی مافی كورد هه‌یه ده‌توانرێت به وتوێژ چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێك به‌و دۆخه‌ی ئێسته باش نییه، بۆیه ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه دوا بخرێت و په‌نا بۆ ده‌ستوور ببه‌ین كه پێشتر كورد خۆیان ده‌نگیان پێی داوه، ئه‌و مادانه‌ش جێبه‌جێ بكرێت كه جێی ناكۆكی هه‌ردوولا بوو ئاسانتره، چونكه به‌غدا دان به‌هیچ شتێك دانانێت و پێوه‌ی پابه‌ند نییه. یه‌كێك له گورزهكانی بۆ ریفراندۆم ئه‌وه‌یه كه حكوومه‌تی عێراق پێوه‌ی پابه‌ند نییه، هه‌روه‌ها وڵاتانی ناوچه‌كه به‌رژه‌وه‌ندییان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق هه‌یه، جیا له‌وه‌ی كێشه‌ی ناوهخۆیییان بۆ دروست ده‌بێت له‌و حاڵه‌ته‌دا.
*ده‌كرێ كۆنفیدراڵی له عێراق به‌دیلی پڕۆژه جیاجیاكانی چاكسازی بێت، به تایبه‌تی له سایه‌ی ئه‌و بێ متمانهیییهی له نێوانیان بۆ قۆناغی دوای داعش هه‌یه؟
ده‌بێ ته‌سه‌ور نه‌كه‌ن كه ئه‌و بابه‌تانه نه‌خراونه‌ته روو، به‌ڵام دۆخی عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به گشتی له‌گه‌ڵ ئه‌و بابه‌ته‌دا ناڕوات، سیسته‌می كۆنفیدراڵی له ئه‌وروپا و باشووری رۆژهه‌ڵاتی ئاسیا هه‌یه و سه‌قامگیری و گه‌شه‌سه‌ندنی دروست كردووه، به‌ڵام وه‌ك عێراق ناكرێت، ئێسته هه‌رێمی كوردستان له دۆخی كۆنفیدراڵییه نه‌ك فیدراڵی و به‌ستنه‌وه‌ی به به‌غدا به‌و شێوه‌یه نییه، سه‌رۆك كۆماری عێراق كورده، كه‌چی به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتیی عه‌ره‌ب له هه‌رێم نییه، پۆلیسێكی عه‌ره‌ب یان پۆلیسی فیدراڵ بوونیان له هه‌رێم نییه، بۆیه ئه‌وه دۆخێكی كۆنفیدراڵییه و بۆچی باسی كۆنفیدراڵیی بكه‌ین له‌و كاته‌ی به‌كرده‌نی له عێراق پێڕه‌و ده‌كرێت، بۆ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش، پێویسته به‌غدا یه‌كه‌م لایه‌ن بێت كه دانی پێ بنێت و به‌غداش له دۆخێكدایه ناتوانێت بڕیاری قبووڵكردن و ره‌تكردنه‌وه بدات، ئه‌گه‌رچی دانی پێدا نانێت و ئه‌وه‌ش وا ده‌كات كه داننان پێی له‌لایه‌ن وڵاتانی دنیاوه ئه‌سته‌م بێت.
* هۆكاره‌كانی جیابوونه‌وه‌ی حه‌كیم له ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی چی بوون؟.
ئه‌وه‌ی روویدا كاردانه‌وه‌یه‌كی به‌په‌له نه‌بوو، به‌ڵكو له‌سه‌ر بنه‌ما و تاوتوێكراو بوو، دوو هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی رووی دا هه‌یه، یه‌كه‌میان ناوه‌خۆیی كه پێوه‌سته به رێكخستنه‌كانی ناو ئه‌نجوومه‌نی باڵا و ئه‌وه‌ی ده‌ره‌كیش بریتییه له‌و كێشه و گرفته زۆرانه‌ی كه پارته كۆنه‌كان نه‌یانتوانی رووبه‌ڕووی ببنه‌وه چاره‌سه‌ریان بكه‌ن، به‌هۆی نه‌بوونی دیدێكی روون بۆ ئه‌و كێشانه، تۆ ده‌زانی له‌ناو ئه‌نجوومه‌نی باڵا سه‌ركرده‌ی به‌ته‌مه‌ن هه‌بوون و حه‌كیمیش تاكه سه‌ركرده‌ی گه‌نج بوو له‌ناویاندا، بۆیه جیاوازیی بۆچوون وای كرد كه ئه‌و جیابوونه‌وه نه‌رم له‌سه‌رخۆیه‌ی رووی دا دروست ببێت. ره‌وتی حیكمه ده‌زانێت كه ئه‌نجوومه‌نی باڵا موڵكی بنه‌ماڵه‌ی حه‌كیمه له‌وه‌ته‌ی زیاتر له 30 ساڵه، بۆیه كه حه‌كیم لێی ده‌رچوو به هه‌موو دیده‌كانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه ده‌رچووه، جیا له‌وه‌ی كه چۆن بتوانین كێشه‌كانی ئه‌و قۆناغه‌ی ئێسته چاره‌سه‌ر بكه‌ین و رووبه‌ڕوویان ببینه‌وه، به بڕوای من پارته كۆنه‌كان ناتوانن به‌رهه‌مدار بن ئه‌گه‌ر نه‌توانن خۆیان نوێ بكه‌نه‌وه وه‌ك ئه‌وه‌ی حه‌كیم كردی به دامه‌زراندنی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی.
* پڕۆژه‌كه‌ی عه‌ماڕ حه‌كیم بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی نیشتمانی چی به‌سه‌ر هات؟.
ئه‌و پڕۆژه ته‌نیا سیاسی نه‌بوو، به‌ڵكو پێویستییه‌كی قۆناغه‌كه بوو كه ده‌بوو بۆ قۆناغی دوای داعش نه‌خشه‌ڕێگه‌یه‌كی تۆكمه هه‌بێت، پڕۆژه‌كه بۆ تاوتوێكردن راگه‌یه‌نراوه و ئێسته له‌لایه‌ن ره‌وتی حیكمه‌وه پاڵپشتی ده‌كرێت، دوای ئه‌و گۆڕانكارییه‌ش دۆخه‌كه له‌بارتر ده‌بێت بۆ خستنه‌ڕووی پڕۆژه چاكسازییه‌كان له‌سه‌ر ئاسته‌كانی سیاسی و كۆمه‌ڵگه‌یی، بۆیه ره‌وتی حیكمه و بارسته‌كه‌ی له په‌رله‌مان به‌هی خۆیانی ده‌زانن و پاڵپشتی لێ ده‌كه‌ن.
ماوه‌ی رابردوو ماوه‌ی سه‌نگه‌ر له یه‌كترگرتن و قه‌واره‌ی ته‌سك بوو كه عێراقی دابڕی و كردییه عێراقێكی شیعه و سوننه و كوردی، به‌و شێوه‌یه‌ش نیشتمانیبوون له ده‌ست درا و له بری ئه‌وه پێكهاته‌یی بووه نیشتمانیبوون، بۆیه هه‌موو ئه‌وانه پێویسته له‌ناو بارسته‌یه‌كی تایفهبڕ بتوێنه‌وه تا بتوانین وڵاتێكی هاوچه‌رخ دامه‌زرێنین.