داعش فتوای كوشتنی كاكەیییەكانی دەركرد

:: PM:02:50:16/08/2017 ‌
بەگوێرەی نووسراوێكی تیرۆریستانی داعش، چەكدارانی ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستییە فتوای كوشتنی كاكەیییەكانیان دەركردووە و فەرماندەیەكی فەوجی كاكەیییەكان و كەسایەتییەكی ئەو پێكهاتە ئاینییەش دووپات لەوە دەكەنەوە، ئەو فتوایە كاریان لێ ناكات و ئەوان بە ورەی بەرزەوە دژی تیرۆر و تیرۆریستان دەوەستنەوە.

لە نووسراوێكی كەرتی حەویجەی ویلایەتی كەركووكی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش هاتووەو كە دادگای ئیسلامی فەرمانی كوشتنی كاكەیییەكانی دەركردووە و دووپاتیش لەوە دەكاتەوە كە پێویستە چارەنووسی سەرجەم دیلەكانی كاكەیی لەناوبردن بێت، ئەو حوكمەیشیان بەپێی شەریعەت بەسەردا دەسەپێنرێت.

لە بەرامبەر ئەو فتوایەی تیرۆریستانی داعش، فەرهاد نەزەر جێگری فەوجی كاكەیییەكان لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو نووسراو و قسانەی تیرۆریستان كار لە ورە و خۆراگڕیمان ناكات، ئێمە وەك بەشێك لە پێكهاتەی كوردستان و وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە ورەیەكی پۆڵایینەوە دژی تیرۆریستان دەوەستینەوە و پیلانە گڵاوەكانیان تێك دەشكێنین.

هەروەها گوتی، تیرۆریستان دژی كەسانێكن لە هەر پێكهاتەیەك بن كە بەیعەت بە تیرۆریستان نادات، ئێمەش لەلایەكەوە وەك كورد و كاكەیی پێچەوانەی بیری دڕندەیی و كوشتنی تیرۆریستان وەستاوینەتەوە، بۆیە ئەوان بڕیاری وا دەدەن، بەڵام خەیاڵیان خاوە و لە سزای پێشمەرگە دەربازیان نابێت.

هاوكات سەلام محەمەد وەك كەسایەتییەكی كاكەیی گوتی، ئەو جۆرە نووسراوانە كار لە پێكهاتەی كاكەیییەكان ناكات و ئەوان هەمیشە ئامادە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان لە ناوچەكانیان و تێكشكاندن و دەرپەڕاندنیان لە ناوچەكان.

كەركووك/ دلۆڤان مەجید كاكەیی.





وشە - باز ئه‌حمه‌د