كوردێكی قوربانیی دەستی داعش لە ئەڵمانیاوە داعش ڕاو دەكات

:: PM:02:51:16/08/2017 ‌

مەسعوود عەقیل ئەو رۆژنامەنووسە كوردەیە كە بۆ ماوەی ٢٨٠ رۆژ لە گرتووخانەكانی داعشدا ئەشكەنجە درا و دوای ئەوەی رزگاری بوو، خۆی گەیاندە ئەڵمانیا و لەوێ لەوە تێگەیشت ئەو تیرۆریستانەی لە سووریا ئەویان ئەشكەنجە دەدا، لە ئەورووپاش هەن، بۆیە بڕیاری دا هاوكاریی پۆلیسی ئەڵمانیا بكات لەوەی ئەو تیرۆریستانەیان پێ بناسێنێت.

مەسعوود عەقیل لە ژوورەكەی دانیشتووە و لاپتۆپێكی لە پێش خۆی داناوە و خەریكی كاركردنە. ئەو زانیارییەكی زۆری لەبارەی چالاكی تیرۆریستان لە لاپتۆپەكەی خۆیدا كۆ كردووەتەوە و خەریكی دەوڵەمەندكردنی زیاتری ئەو زانیارییانەیە.

 ئەو تەمەنی ٢٤ ساڵە و ساڵی رابردوو لە رێی بەلكانەوە خۆی گەیاندە ئەڵمانیا و هەر خێرا بۆی دەركەوت كەم نین ئەو كەسانەی لە ئەڵمانیا دەژین و ئەندامی داعشن یان سۆزیان بۆ داعش هەیە، ئەو لە نزیكەوە تایبەتمەندیی چەكداران و لایەنگرانی داعشی ناسیبوو.

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ ئەو دیلی داعش بووە و تا لە گرتووخانە رزگاری بووە شەش گرتووخانەی گۆڕیوە. چەكدارانی داعش كاتێك مەسعوود و فەرهادی هاوكارەكەیان گرت كە دەیانویست لە شوێنێك راپۆرتێكی رۆژنامەوانی بكەن، ئەوان لە چوارڕێیانێك بوون و بەرەو ئەو شوێنە دەڕۆیشتن كە دەیانویست دیمانەكە بكەن، كەچی ئەو رۆژە چوارڕێیانەكە كەوتبووە دەستی داعش كە پێشتر لە دەستی هێزە كوردییەكاندا بوو لە رۆژئاوای كوردستان.

بەڵگەنامەكان ئەوە دەردەخەن كە كەسێك هەواڵی چوونی ئەو دوو رۆژنامەنووسەی بە داعش داوە و چەكدارانی داعش زانیویانە چ كاتێك بە شەقامەكەدا تێدەپەڕن. ئەوان ٢٠ مانگ بوو هەموو رۆژێك راپۆرتیان بۆ ئەو كەناڵە دەنارد كە كاریان بۆی دەكرد.

مەسعوود عەقیل دەڵێت چەكدارانی داعش لەو شوێنانە بەدوای ئەندام دەگەڕان كە هەژار بوون و لە بیابانەكان دەژیان و هیچ كاتێك حكوومەتی سووریا بایەخی پێ نەدابوون، ئەمەش دەرفەتێك بوو بۆ داعش بۆ ئەوەی بە خێراترین شێوە بتوانێت فریویان بدات و سەرنجی ئەوان بۆ لای خۆی رابكێشێت.

هەر وەك مەسعوود عەقیل ئاماژەی پێ كرد كە لە گرتووخانەكانی داعش لەكاتی لێپرسینەوە لێی، بەردەوام ئەشكەنجە دراوە و پێیان گوتووە كوردێكی كافرە و پێویستە هەموو كوردێك بكوژرێت، چونكە بەربەستی گەورەن لە بەردەم دەوڵەتی ئیسلامی.

لەبارەی شێوەی بیركردنەوەی فەرماندەكانی داعش، ئەو رۆژنامەنووسە دەڵێت بەشێك لە فەرماندە و بەرپرسەكانیان، هەمان كەسە دیارەكانی حزبی بەعسی عێراق بوون. ئەو بەردەوام دەبێت و دەڵێت تیرۆریستەكان هەڵەشیان دەكرد، بۆ نموونە كەسانی تایبەتییان بۆ لێكۆڵینەوە دەنارد بۆ ئەوەی پێی بسەلمێنن داعش چ هێزێكی هەیە، یان ئەو رۆژنامە و گرتە ڤیدیۆیییانەیان پێ نیشان دەدا كە لە تەلەڤزیۆنەكانی رۆژئاوا بڵاو دەكرایەوە و هێز و دەسەڵاتی داعشی دەخستە ڕوو و شانازییان بە خۆیانەوە دەكرد. هەروەها باسی ئەو كەسانەیان دەكرد كە پێشتر كوشتوویانن و وردەكاری تاوانەكانیان دەگێڕایەوە.

بەشێك لە سەرچاوەكانی ئەو رۆژنامەنووسە، هەمان ئەو قسانەیە كە لە گرتووخانە گوێی لێ بووە لە رێی كەسانی تر لە گرتووخانە یان خزمانی چەكدارانی داعش كە زۆر جار بە هۆكاری جیاواز دەگیران. ئەو زانیارییانە یارمەتی مەسعوودی دا تا بەشێك لەو تیرۆریستە بەناوبانگانە بناسێت كە لەو ماوەیەی ئەو لە گرتووخانەدا بووە، توانیویانە لە سووریاوە بەرەو ئەڵمانیا بڕۆن.

دوای ٢٨٠ رۆژ زیندانیی، مەسعوود لە ئاكامی ئاڵوگۆڕێكی زیندانییان رزگاری بووە و یەكسەر خۆی گەیاندووەتە وڵاتی ئەڵمانیاوە.

ماڵپەڕی دۆیچەوێلێی ئەڵمانی دەڵێت، "مەسعوود لە سووریاوە كۆمەڵیك زانیاریی وردی هێناوەتە ئەڵمانیا و جێی متمانەی دەروونناسان و لێكۆڵەرەوانە لە دۆسیەی پێوەندیدار بە داعش و قوربانییانی داعش."

مەسعوود لە كتێبەكەیدا ئاماژە بە ناوی هەموو ئەو چەكدارانە دەكات كە ناسراو بوون و كتێبەكەشی بڕیارە لە كۆتای ئەم مانگە چاپ بكرێت. ئەو بە یارمەتیی رۆژنامەنووسێكی ئەڵمانی بە ناوی پیتێر كوپف كتێبەكەی دەنووسێت و خوازیارە بە ناوی راستەقینەی خۆی كتێبەكە بڵاو بكاتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش دەڵێت، "نامەوێت ئەو دڕندانە ئەڵمانیاش بكەن بە وڵاتێكی بێ یاسا، بۆیە بڕیارم داوە ئەنجامی هەموو لێكۆڵینەوەكان و ئەوەی دەیزانم بخەمە خزمەتی بەرپرسانی ئەڵمانیاوە."

مەسعوود عەقیل هەروەها باس لەوە دەكات كە هێشتا سەری لەوە سوڕماوە بۆچی ئەوكاتەی تازە رووی لە ئەڵمانیا كردبوو، پۆلیس پرسیاری زیاتری ئاراستە نەكردووە و پۆلیسی ئەڵمانیا زۆر درەنگ لەوە تێگەیشت ئەو سەدان هەزار ئاوارەیەی خۆیان گەیاندە ئەو وڵاتە، چ زانیارییەكی گرنگیان لایە كە دەكرێت سوود بە ئەڵمانیا بگەیەنێت.






وشە - سلێمان تاشان