دوو راوچی و دوو ئامێری هەڵكەندنی بیر گیران

:: PM:01:12:02/11/2016 ‌

پۆلیسی ژینگە و دارستانی سلێمانی، دوو راوچی لەكاتی راوكردنی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی دەگرێت و هاوكات دەستیش بەسەر دوو ئامێری نایاسایی هەڵكەندنی بیری ئاودا دەگرن.

ئەمڕۆ چوارشەم 2ی تشرینی دووەمی 2016، عەقید هێمن كەمەرخان ئەفەندی بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی رای گەیاند، لە پێناو پارێزگاری لە سروشت و ژینگەی كوردستان و ئاژەڵ و باڵندە كێوییەكان، مەفرەزەكانیان بەردەوامییان هەیە و توانیویانە رێگرییەكی باش بكەن و رێگە بە سەرپێچێكاران نەدەن زیان بە سروشت و ژینگە بگەیەنن.

روونی كردەوە، لەو چوارچێوەیەدا لە سنووری گوندی قازان قایە دوو هاووڵاتی بە تۆمەتی راوكردنی باڵندەی كێوی لەلایەن مەفرەزەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەرەداغ بەهاوبەشی لەگەڵ بنكەی پۆلیسی دێلێژە گیران و لەگەڵ ئەو دوو راوچییەدا دەست بەسەر چەكێكی جۆری تاپڕ و دوو فیشەكی تاپڕ و یەك تۆڕ و ماتۆڕسكیلێكدا گیراوە.

بەگوتەی كەمەرخان، تۆمەتباران و كەرەستەكانیان رادەستی یاسا كراون.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، هەر ئەمڕۆ چوارشەم مەفرەزەكانی پۆلیسی دارستان و ژینگە لە چوارچێوەی دەرچوونێكی مەیدانی لەناو شاری سلێمانی، دەستیان بەسەر دوو ئامێری هەڵكەندنی بیری ئاودا گرتووە كە بەشێوەی نایاسایی كاریان كردووە.

وشە/پۆلیسی دارستان




وشە - ڕێبین فه‌تاح