ئەو پیاوەی خامنەیی لێی دەترسێت مانی لە خواردن گرت

:: PM:05:06:16/08/2017 ‌

 

 

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی ئێران لە ماڵەکەی خۆی بە نیشانەی دەربڕینی نارەزایەتی دژی حکوومەتی ئێران مانی لە خواردن گرت.

 

مەهدی کەڕوبی ماوەی شەش ساڵە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کراوە و ماڵەکەی بووەتە بەندیخانە بۆ ئەو کەسایەتییە سیاسییەی ئێران.

 

بە گوێرەی بی بی سی فاتیمە کەڕوبی هاوسەری مەهدی کەڕوبی بە میدیاکانی راگەیاندووە مەهدی کەڕوبی دوو داخوازی هەیە یەکێک لەو داخوازییانە ئەوەیە هێزەکانی پۆلیس ماڵەکەی چۆل بکەن و وازی لێبێنن و چیتر بەم شێوەیە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر نەکرێت و داواکاری دووەمیشی ئەوەیە ئەگەر حکوومەت دەیەوێت کەڕوبی هەر بەم شێوەیە بێدەنگ و دەستبەسەر بێت هەر چی زووە دادگایەکی ئاشکرا پێکبێت، چونکە ئەو سزایەی ئەو چەندین ساڵە دەیچێژێت لە دەرەوەی یاساکانە و دەیەوێت لەگەڵ پارێزەرەکانی لە دادگا وەلامی سەرجەم تۆمەتەکانی حکوومەت بداتەوە و خەڵک لە زۆربەی کێشەکانی پێوەندیدار ئاگادار بکاتەوە.

 

کەڕوبی کە خۆی شارەزای تەواوی یاساکانی ئێرانە پێداگری لەوە کردووە هیچ سزایەک نابێت لە دەرەوەی یاساکانی ئێران بەسەر هیچ کەسێکدا بسەپێنرێت و چیتر ناتوانێت ئەو دۆخە قەبوڵ بکات.

 

پێویستە بگوترێت لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریی ساڵی ٢٠٠٩ی ئێران، مەهدی کەڕوبی لەگەڵ میرحوسێنی مووسەوی و هاوسەرەکەی کە لە رێبەرانی رەوتی ریفۆرمخوازی ئێران بوون، بە تۆمەتی فیتنە و کارکردن دژی بەرژەوەندییەکانی ئێران بە بێ ئەوەی دادگایی کرابن لە ماڵەکەی خۆیان زیندانیی کران و لەو کاتەوە هێشتا نەیانتوانیوە بۆ میدیاکان قسە بکەن و لە خەڵکیش دوور بوون و ماڵەکانیان لە لایەن پۆلیسەوە چاودێری دەکرێت.

 

میرحوسێن مووسەوی لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ توانی زۆرینەی دەنگەکان بباتەوە و تەنانەت لە هەڵبژاردنەکە بە فەرمیش سەرکەوتن رابگەیەنێت، بەڵام دواتر رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لە قازانجی مەحموود ئەحمەدی نەژاد ئەنجامی هەڵبژاردنەکەی گۆڕی.

 

دوای ئەوەی ئەنجامەکە بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان راگەیەنرا،  خەڵکی ئێران لە تاران دەستیان بە خۆپێشاندان کرد و سەرووی ملیۆنێک کەس رژانە سەر شەقامەکان و داوایان کرد پاریزگاری لە دەنگەکەیان بکرێت و هەر یەک لە میرحوسێن مووسەوی و مەهدی کەڕوبی و هاوسەری مەهدی کەڕوبی لەو خۆپێشاندانە بەشدار بوون و بۆ خەڵک وتاریان دا.

 

 خۆپێشاندانەکە دواجار لە لایەن پۆلیسەوە سەرکوت کرا و بە هۆی خۆپێشاندانەکەش ژمارەیەک گەنج کوژران و سەدان کەسیش گیران. تەنانەت حکوومەت رێبەرانی رەوتی ریفۆرمی قۆڵبەست کرد و بە فیتنەچی ناساندن.

 

مەهدی کەڕوبی بۆ ماوەی دوو خول سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووە و لە هەر دوو خولی هەڵبژاردنی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٩ خۆی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پاڵاوت. ئەو لەدایکبووی ساڵی ١٩٣٧ی زایینیە و لە ئەلیگوودەرزی پارێزگای لوڕستان لە دایک بووە.

 

دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩٧٩ شۆڕشی گەلانی ئێران سەرکەوتوو بوو و دواتر ئیسلامییەکان شۆڕشەکەیان لە قازانجی خۆیاندا قۆستەوە، کەڕوبی بە نوێنەری شارەکەی هەڵبژێردرا و چووە نێو پەرلەمانی ئێران و هەر لەو ساڵەدا بە فەرمانی خومەینی کۆمەڵێک دامەزراوەی وەک "کاروباری شەهیدان" و "کۆمیتەی هاوکاریی ئیمام خومەینی" دامەزراند و نوێنەری خومەینی بوو لە پاریزگای لوڕستان. بۆ خولێک توانی ببێتە جێگری سەرۆکی پەرلەمان و بۆ دوو خولی لە دوای یەکتریش سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکرد.

 

ئەو لەگەڵ محەمەد خاتەمی و چەندین کەسایەتی تر کۆمەڵەی زانایانی ئایینی خەباتگێڕی دامەزراند. ئەوان لە ساڵی ١٩٩٦ محەمەد خاتەمیان کردە پاڵێورای خۆیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و لە هەڵبژاردنەکەدا محەمەد خاتەمی توانی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت. لە سەردەمی محەمەد خاتەمی کۆمەڵگەی ئێران زیاتر کرایەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی ئێرانیش مافی کلتوری زیاتریان پێدرا.

 

کەڕوبی لە ساڵی ٢٠٠٥ حزبی "ئێعتێمادێ مێللی" یان "متمانەی نیشتیمانیی دامەزراند و رۆژنامەیەکیشی بەو ناوە دەرکرد کە تا ساڵی ٢٠٠٩ بەردەوام بوو و کاتێک کەڕوبی لە لایەن حکوومەتەوە دەستبەسەر کرا رۆژنامەکەشی داخرا و تاوەکوو ئێستە نەیتوانیوە درێژە بە چالاکییەکانی بدات.

 

دوای ئەوەی رێبەرانی ریفۆرمخواز دەستبەسەر کران و چالاکییەکانیان سنووردار کرا، ریفۆرمخوازان هەوڵیان داو لە رێگەی میانڕۆکانەوە رۆڵی خۆیان بگێڕن و حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێستەی ئێران کە لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی دایە، لە لایەن ریفۆرمخوازانەوە پشتیوانی دەکرێت.

 

پێویستە بگوترێت لە ئێران حکوومەت ئامرازی دەستی رێبەرە و بە بێ رەزامەندی رێبەر کە سەید عەلی خامنەییە و بە مەرجەعی بەشێکی  شیعەی ئێرانیش هەژمار دەکرێت، زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە  و حکوومەت ناتوانێت هیچ شتێک بکات.

  



وشە - سلێمان تاشان