ڕۆژانە وێنەیەكی دەگمەن لە "وشە"وە ببینە

:: PM:05:25:16/08/2017 ‌

هێمن مەلا كەریم بەرزنجی، نووسەر و وەرگێڕ و لێكۆڵەر و مامۆستای زانكۆ، لە پێگەی ئەلیكترۆنی خۆیدا، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، چەندان وێنەی دەگەمەنی بە ناونیشانی جیا جیا بڵاو كردەوە.‌

مامۆستا هێمن ناوی سەرچاوەی دەسكەوتنی وێنەكانی بە "وشە" ڕانەگەیاند، بەهۆی چەند هۆكارێكی نادیار، هەروەها هەموو وێنەكانی پشكەشی "وشە" كردووە و یەكێك لە وێنەكان وێنەكەی خوارەوەیە.

حەپسەخانم، خوشكی ئایشێ خانمی ژنی مەلیك مەحموودە.

حەپسەخانم كچی مەعرووفی بەرزنجی و نەوەی كاك ئەحمەدی شێخە، لە ساڵی ١٨٩١دا لە سلێمانی هاتووەتە دنیاوە. مەعرووف بەرزنجی باوكی «نەقیب» بووە. ئەم پلەی نەقیبییەشی لەلایەن حكوومەتی عوسمانییەوە پێ بەخشراوە بەو هۆیەوە, كە نوێنەری سادات و شێخان بووە.

ساڵی ١٩٢٣ سمكۆی شكاك هاتە سلێمانی و پێشوازیی لێ كرا، ژنانی سلێمانی بە كاریگەریی حەپسەخان ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە و ڕژاونەتە سەر شەقامەكان.


لە ٢٨ی حوزەیرانی ١٩٣٠ یەكەمین كۆمەڵەی ژنان بە ناوی كۆمەڵەی ئافرەتانی كورد بە ‌سەرۆكایەتیی حەپسەخانی نەقیب دامەزراوە. حەپسەخانی عیرفانەفەنی - خێزانی جەمیل سائیب - سكرتێری بووە و بارەگەی تایبەتیشیان هەبووە. بێگومان دروستكردنی كۆمەڵەیەك لەلایەن ژنێكەوە بۆ داكۆكیكردن لە ماف و داواكانی ژنان لە ناوەڕاستی نیوەی یەكەمی سەتەی ڕابردوودا، نموونەیەكی كەم وێنەیە، تەنانەت لەو ڕۆژگارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستیشدا.

ساڵی ١٩٣٠ نامەیەكی سیاسیی مێژوویی بۆ ڕێكخراوی كۆمەڵەی نەتەوەكان لە جنێڤ نووسی و ڕاشكاوانە داوای مافی كوردی لەسەر خاكی كوردستان كرد، كە دەنگێكی باشی دایەوە.

كاتێك كە كۆماری مەهاباد دامەزرا، حەپسەخان بە هەموو توانایەكی دارایی پشتگریی ئەو كۆمارەی كرد. قازی محەمەد سوپاسنامەیەكی تایبەتی بۆ نارد و ڕێزێكی زۆری لێنا.

حەپسەخان لە تەمەنی ٦٢ساڵیدا، لە ١٢ی نیسانی ١٩٥٣، بە نەخۆشی شێرەپەنجە تیا چوو و لە گردی سەیوانی شاری سلێمانی بە خاك سپێردرا.





وشە - ژیڤان خۆرانی