پەروەردەی سۆران مامۆستا دادەمەزرێنێت

:: PM:05:29:16/08/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی سۆران دەرچووی ژمارەیەك كۆلێژ بە شێوەی وانەبێژ دادەمەزرێنێت و لە هەوڵدایە كە كێشەی میلاكات لە قوتابخانەكانی دەڤەرەكە بۆ ئەمساڵی خوێندن چارەسەر دەكات.

عەزیز سەعید بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران لە لێدوانێكی تایبەتدا بە "وشە"ی راگەیاند، ساڵانە بەهۆی كەمی مامۆستا، لە زۆرینەی قوتابخانەكانی سنوورەكەمان رووبەڕووی كێشەی كەمی میلاكات دەبووینەوە، بۆیە ئەمساڵ رێژەیەكی زۆری مامۆستا بە شێوەی وانەبێژ دادەمەزرێنین.

روونی كردەوە، پێویستیمان بە نزیكەی 700 مامۆستا هەیە بۆ چارەسەركردن و نەهێشتنی كێشەی میلاكات لە قوتابخانەكانمان لە نێو شار و گوندەكاندا، ئێستە فۆڕمی دامەزراندنی وانەبێژ بۆ دەچووانی كۆلێژ لە بەشەكانی (زانستەكان، بیركاری، زمانی ئینگلیزی، كیمیا، فیزیا، زیندەوەرزانی)، پڕ دەكرێتەوە و دوای بینینی خولێك دادەمەزرێنن و دابەشی سەر قوتابخانەكان دەكرێن.

بەڕێوەبەری پەروەردەی سۆران ئاماژەی كرد، رۆژانە دەرچووانی ئەو بەشانە سەردانمان دەكەن و لە ماوەی ئەو چەند رۆژەدا سی كەس فۆڕمییان پڕ كردووەتەوە و تا چەند رۆژێكی تر پڕكردنەوەی فۆڕم بە مەبەستی دامەزراندنی وانەبێژ لە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەمان بەردەوامی دەبێت و چەند مامۆستای وانەبێژمان پێویست بێت دایان دەمەزرێنین.

پەروەردەی سۆران 246 قوتابخانەی هەیە كە 24 قوتابخانەی ئامادەیی و 16ی دواناوەندی و 206 قوتابخانەی بنەڕەتی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا 10 باخچەی منداڵانی لێیە، هەروەها بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی سۆران خاوەنی (51) هەزار قوتابییە.

سۆران/ موڕشید برادۆستی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل