مێرگەسۆر: زیاتر لە 200 كەس بەهۆی پێوەدانی مار و دووپشكەوە ژەهراوی بوونە

:: PM:05:33:16/08/2017 ‌

لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە 200 كەس بەهۆی پێوەدانی مار و دووپشكەوە لە سنووری شارۆكەی مێرگەسۆر سەر بە پارێزگەی هەولێر، ژەهراوی بوونە و گەیاندراونەتە نەخۆشخانەكانی دەڤەرەكە.

نازم عەبدوڵا حاجی یاردەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی مێرگەسۆر بە "وشە"ی راگەیاند، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا بەهۆی پێوەدانی مار و دووپشكەوە، 50 كەس گەیاندراونەتە نەخۆشخانەی گشتیی مێرگەسۆر و چارەسەری پێویستییان بۆ كراوە.

زیاتر گوتی، لەو ژمارەیە 44 كەس بەهۆی پێوەدانی دووپشك و شەش كەسیش بەهۆی پێوەدانی مارەوە ژەهراوی بوونە، كە خۆشبەختانە بەهۆی ژەهراویبوونیان هیچ كەس لە سنووری ئێمەدا بەهۆی مار و دووپشك گیانی لەدەست نەداوە.

بە گوتەی یاریدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی مێرگەسۆر، دەرمان و دەرزی دژە ژەهر لە بنكە تەندروستییەكانی دەڤەرەكەیان دەست ناكەوێ و دەڵێ، تەنیا لە نەخۆشخانەكان چارەسەری پێوەدانی مار و دووپشك بۆ هاووڵاتییان دەكرێت.

هاوكات، لە نەخۆشخانەی گشتیی بلێ لە دەڤەری مێرگەسۆر كە راستەوخۆ سەر بە تەندروستی هەولێرە، بەپێی ئامارێكی نەخۆشخانەكە كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، تەنیا لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا 178 كەس بەهۆی پێوەدانی مار و دووپشكەوە ژهراوی بوونە و گەیاندراونەتە نەخۆشخانەكە.

وەك لە ئـامارەكە دیارە لە مانگی شەشی رابردوو، 51 هاووڵاتی بەهۆی پێوەدانی دووپشك و حەوتی تر بەهۆی پێوەدانی مار ژەهراوی بوونە، هەروەها لە مانگی تەمووزی رابردوو ئەو رێژە بەرزبووەتەوە و 115 هاووڵاتی بەهۆی پێوەدانی دووپشك و پێنج هاووڵاتی بەهۆی پێوەدانی مار ژەهراوی بووەنەو كۆی هەردوو مانگی رابردوودا 178 كەس بەو هۆیەوە گەیاندراونە نەخۆشخانەی گشتی بلێ و چارەسەر و دەرزی دژە ژەهریان لێدراوە و هیچ كەس گیانی لەدەست نەداوە.

شارۆكەی مێرگەسۆر لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە بە دووری 144 كم لە باكوری رۆژهەڵاتی شارەكە هەڵكەوتووە و ناوچەیەكی دەوڵەمەندە بە ڕەز و باخداری جگە لە سەنتەری شارۆكەكە، پێنج شارەدێی تر و 67 گوندی تریشی بەسەرەوەیە.

مێرگەسۆر/ موڕشید برادۆستی




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل