بەم زووانە.. چاوەڕێی سروودی "بەڵێ بۆ ریفراندۆم" بن

:: PM:06:13:16/08/2017 ‌

وێڕای بەردەوامیی چالاكییە هونەرییەكان لەبارەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان كە بڕیارە لە 25ی ئەیلوول بەڕێوە بچێت. ژمارەیەك لە هونەرمەندان لە هەولێر سروودێكی پڕۆفیشناڵیان تۆمار و كلیپ كردووە و بڕیارە بەم زووانە لە كەناڵی رووداو بێتە وەشان.

لەوبارەیەوە هونەرمەند لالۆ رەنجدەر كە یەك لەو هونەرمەندانەیە بەشداریی لەو سروودە كردووە و بە "وشە"ی گوت، ئەو سروودەی تۆمارمان كردووە بەناوی "بەڵێ بۆ ریفراندۆم"ە، لە هۆنراوەی مامۆستا ئەحمەد سالاری هونەرمەندە و هونەرمەند چەتۆ نەورۆز میلۆدی و دابەشكردنی موزیكی بۆ كردووە.

لالۆ روونی كردەوە، ئێمە لەرووی دەنگەوە هونەرمەندان لالۆ رەنجدەر، پەرواز حوسێن و گۆران، عەباس هەركی، دانا عەبدولجەبار بەشداریمان تێدا كردووە كە هەریەكەمان كۆپلەی خۆی دەبێت بۆ گوتن. ئەو سروودە لە ستۆدیۆی "سۆڵۆ" لە هەولێر هاتووەتە تۆماركردن و هونەرمەند هۆگر عەزیز میكس و سكوێسنەری بۆ كردووە.

لەبارەی كلیپەكەیشەوە لالۆ گوتی، كلیپەكە لەلایەن كەناڵی رووداوەوە ئەنجام دراوە كە لە هۆڵی میدیا سەنتەر لە هەولێر كاری بۆ كراوە، لە دەرهێنانی هۆزان حەكیمە و وێنەگران هونەر بەكر مەعرووف، دڵشاد حوسێن و كارزان یوسف وێنەیان گرتووە. ئێستە بەرهەمەكە لە قۆناغی مۆنتاجدایە و لەگەڵ تەواوبوونی، دێتە وەشان.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د