چەند زانیارییەكی نوێ لەبارەی ژیانی نالییەوە

:: PM:08:03:16/08/2017 ‌

مامۆستایەكی زانكۆ، بە پشتبەستن بە بەڵگەنامە عوسمانییەكان، هێندێك زانیاری نوێ لە بارەی مێژووی ژیان و مردنی نالی شاعیر ئاشكرا دەكات.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، كتێبی "نالی لە بەڵگەنامەكانی عوسمانیدا" چاپ و وەشان كرا، هێمن عومەر خۆشناو نووسەر و توێژەر و مامۆستای زانكۆ، لە ڕێگەی ئەم كتێبەوە هەوڵ دەدات كە تیشك بخاتە سەر چەند زانیارییەكی باس نەكراو لەسەر ژیانی ئەو شاعیرە مەزنەی كورد.

هێمن عومەر خۆشناو نووسەر و توێژەر و مامۆستای زانكۆ لەو بارەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند: "ماوەیەك پێش ئێستە, كتێبی "نالی لە بەڵگەنامەكانی عوسمانیدا"م بڵاو كرایەوە، كە هیوادارم خوێنەران خۆیان كتێبەكە بخوێننەوە و هەڵیسەنگێنن."

كتێبی "نالی لە بەڵگەنامەكانی عوسمانیدا"، توێژینەوەیەكی كورت و پووختە لە بارەی مێژووی ژیان و مردنی نالییەوە، لە بارەی كۆچكردنی و مووچە و ماڵ و منداڵی نالییەوە، كە پڕە لە زانیاری نایاب، هەموو ئەو بۆچوونانەی سەبارەت بە ژن نەهێنانی نالی ڕەت دەكاتەوە، هەروەها كتێبێك و پلە و پایەی نالی لە ناو عوسمانییەكان ئاشكرا دەكات.

كتێبەكە زیاتر لە ١٠ بابەت و بەڵگەكانی لەخۆ گرتووە و لە دووتوێی كتێبێكدا بە ٧٢ لاپەڕە، چاپ كراوە و ئێستە لە زۆربەی شار و شارۆكەكانی كوردستان، دەست دەكەوێت.



وشە - ژیڤان خۆرانی