كلاسیكۆ به‌ڕێوه ده‌چێت و پۆلیسى هه‌ولێر داواى هێمنى ده‌كات
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى پۆلیسى هه‌ولێر داوا له هانده‌رانى هه‌ردوو یانه‌ى ریال مه‌درید و به‌رشه‌لۆنه ده‌كات كه هێمنى شار بپارێزن و راى ده‌گه‌یه‌نێت كه بۆ ئه‌مشه‌و ئاماده‌كارى ته‌واو كراوه.
بڕیاره ئه‌مشه‌و یارى نێوان هه‌ردوو یانه‌ی ریال مه‌درید و به‌رشه‌لۆنه به‌رێوه بچێت، به‌هۆى یارییه‌كه‌شه‌وه هانده‌رانى ئه‌و یانانه بۆ پێشاندانى خۆشى ده‌چنه شه‌قامه‌كان و زۆر جاریش ئه‌وه كێشه‌ى لێ ده‌كه‌وێته‌وه.
ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 16ى ئاب/ ئۆگه‌ست، هۆگر عه‌زیز گوته‌بێژی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى پۆلیسی هه‌ولێر به "وشه"ى راگه‌یاند، پۆلیس ئاماده‌كارى ته‌واوى بۆ یاری ئه‌مشه‌وی یانه‌كانی ریاڵ مه‌رید و به‌رشه‌لۆنه كردووه.
زیاتر گوتى، هێزه‌كانى پۆلیس له شوێنه گشتییه‌كاندا بڵاوه‌یان پێ كراوه و به هه‌موو جۆرێك هێمنى شار ده‌پارێزن و به پێویستى زانى هانده‌رانى ئه‌و یانانه‌ش هێمنى هه‌ولێر بپارێزن.
ئه‌مشه‌و له جامی سوپه‌ری ئیسپانیادا یه‌كێك له‌و دوو یانه "به‌رشه‌لۆنه" و "ریال مه‌درید"، نازناوه‌كه یه‌كلا ده‌كه‌نه‌وه.
پێشتر له‌كاتى به‌ڕێوه‌چوونى ئه‌و یارییه‌دا، كێشه له شوێنه گشتییه‌كانى هه‌ولێر دروست ده‌بوو، هاوكات پۆلیس چه‌ند كه‌سى به‌و هۆیه‌وه ده‌گرت، ئێسته‌ش بۆ ئاماده‌كارى سه‌یركردنى یارییه‌كه، هاووڵاتییان روویان له شوێنه گشتییه‌كان به تایبه‌ت شه‌قامى ئیسكان له هه‌ولێر كردووه.
وشە -
سه‌رخێڵ هاشم