عێراق بۆچی زیانی گیانی هاووڵاتییانی مووسڵ ئاشكرا ناكات؟

:: PM:10:15:16/08/2017 ‌

ماڵپەڕێك ئاشكرای دەكات كە دەسەڵاتدارانی عێراق ئاماری راستەقینەی زیانەكانی گیانی كە بەهۆی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ كەوتوونەتەوە، دەشارنەوە، ئەو دەڵێ كە هاوكات گەیشتن بە زیانی راستەقینەی گیانی قوربانیانی مەدەنی بەتایبەتی كارێكی زۆر سەختە.

داعش لە حوزەیرانی 2014 مووسڵی داگیر كرد و دوای سێ ساڵ لە كوشتن و وێرانكاری لەو شارەدا، لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ دەستی پێ كرد و تا تەمووزی رابردوو شارەكە بەتەواوتی لە داعش ئازاد كرایەوە.

بەپێی ماڵپەڕی "میدڵ ئیست ئۆنڵاین" كە راپۆرتێكی لەو بارەوە بڵاو كردەوە، دیاریكردنی ژمارەی راستەقینەی كوژراوانی سیڤیل لە كاتی جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ زۆر زەحمەت و ئاڵۆزە، بەتایبەتی كاتێك جەنگەكە لە دووەم گەورە شاری عێراق بەڕێوە چوو لە دوای بەغدا.

بەپێی راپۆرتەكە سەرچاوە فەرمییەكان لە عێراق ئاماری راستەقینەی زیانە گیانییەكانی ئەو شارە دەشارنەوە ئەوەش لە ترسی ورووژانی رای گشتیی عێراق و رێكخراوەكانی ناوەخۆیی و نێودەوڵەتی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤەوە، بەو شێوەیەش بەهای ئەو سەركەوتنەی هێزەكانی عێراق بەدەستیان هێناوە بەتاڵ دەبێت.

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە 10ی تەمووزی رابردوو تەواوبوونی ئازادبوونەوەی مووسڵ بەهەردوو بەرەی راست و چەپییەوە راگەیاند، ئەوەش دوای هەڵمەتێك كە لە 17ی تشرینی یەكەمی 2016 بە پاڵپشتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دەستی پێ كرد.

سەرەڕای ئەو سەركەوتنەی عێراق بەڵام لێرە و لەوێ جەنگی لابەلا بەردەوامی هەیە لەگەڵ پاشماوەی خۆحەشارداوی چەكدارانی داعش كە خۆیان لە ژێرزمین و توونێلەكان شاردووەتەوە لەو شارەی كە دوو تا دوو ملیۆن و نیو كەسی تیادا دەژیت و زۆرینەیان سوننەن.

بەپێی راپۆرتەكە ئاژانسی ئەنەدۆڵی توركیا لە ماوەی دوو هەفتەدا بەدوای ئامارێكی قوربانیانی هاووڵاتی مووسڵ بووە لە لایەنە فەرمییەكانەوە، لە پزیشكی و تەناهی و سیاسییەوە، بەڵام ئەوان لەبەر هۆكاری نەبوونی دەسەڵات و رێپێدراوی رەتیان كردەوە كە هیچ بڵێن.

زیاتر گوتی، یەكێك لە كارمەندانی كاركردووە لە فەرمانگەی پزیشكی داد لە بەری رۆژهەڵاتی مووسڵ رازی بوو كە قسە بكات بەو مەرجەی ناوی ئاشكرا نەكرێت، ئەو رای گەیاند كە فەرمانگەكەیان لیستی زۆرینەی كوژراوانی سیڤیلی مووسڵی لایە، بەڵام ناتوانن رای بگەیەنن یان كۆپی بدەنە رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و كۆمەڵگەی نێو دەوڵەتییەوە، ئەوەش بەهۆی بوونی پاڵەپەستۆی نەوەك تەنیا ناوەخۆیی، بەڵكو دەرەكیش.

زیاتر گوتی، زۆرینەی لیستی ناوی قوربانیان زۆر بەنهێنی بۆ بەغدا گوازراونەتەوە و دوا ژمارەش كە ئاگەداریمە، بوونی سێ هەزار و 176 كوژراوی هاووڵاتییە لە كاتی جەنگی ئازادكردنەوەی شارەكە كە زۆرینەیان منداڵ و پیاون و ئەوەش ژمارەی كۆتایی نییە، چونكە تا ئێستە كاركردن بەردەوامە بۆ هێنانە دەرەوەی تەرمەكان لەژێر پاشماوەی رووخاوی خانوو و تەلارەكانەوە.

ئەو ژمارەی كە سەرچاوەكە باسی لێوە دەكات زیاترە لە دوو هێندی ئەو ژمارەی كە دەسەڵاتدارانی عێراق رایان گەیاندووە لە 20ی تەمووز ئەو كاتەی شانەی راگەیاندنی جەنگ كوژرانی هەزار و 429 كەسی سیڤیلی لەو جەنگەدا راگەیاند، ئەوەش لە وەڵامی رۆژنامەی "ئیندیپێنت"ی بەریتانییا ئەو كاتەی باسی لە كوژرانی 40 هەزار كەس لە ماوەی نۆ مانگی جەنگەكە كرد.

ماڵپەڕەكە لە سەرچاوەكەی گواستەوە كە زۆرینەی هاووڵاتییانی كوژراو لە بەری رۆژئاوای مووسڵەوە كوژراون و ئەوانەشی بوونەتە هۆی كوژرانیان بریتین لە چەكدارانی داعش و هێزەكانی سوپای عێراق و بۆردمانی ئاسمانی هاوپەیمانان و هێزەكانی عێراق، ئەوەش دوای بەكارهێنانی لە سنوور بەدەری هێز و چەكەكانیان بەتایبەتی لە كۆتایی جەنگەكەدا.

بەپێی ئەو سەرچاوە دوا رۆژەكانی جەنگی مووسڵ كوژرانی زیاتر لە 100 هاووڵاتی رۆژانەی لێ كەوتەوە لەناو بێدەنگییەكی راگەیاندن، ئەوەش بۆ پاراستنی گوڕی جەنگەكە و نەبوونە هۆكاری بەلاڕێداچوونی و وەستانی جەنگەكە و لەدەست دانی سەركەوتن.

ئەو سەرچاوە باسی لە بوونی چەند لایەنێكی سیاسی كرد كە ناوی نەهێنان، كە ئەوان خاوەنی هێزی چەكدارن و هەڵدەستن بە پاكتاوی هەر لایەنێك كە كە بیانەوێ قەبارەی زیانەكانی گیانی هاووڵاتییان ئاشكرا بكەن و لەو ناوەشدا تیمەكانی پزیشكی دووچاری هەڕەشە لێكردن هاتنەوە بە كوشتنیان ئەگەر زانیاری لەوبارەوە ئاشكرا بكەن.

لە گەشتێك بە ناوچەكانی سەرجخانە و شەعارین و بابولتۆب و شەقامی خالیدی كوڕی وەلید و مەیدان لە شاری كۆن لە بەری رۆژئاوای مووسڵ، بۆنی لاشەی مردووان لە هەموو شوێنێكەوە دێت و شوێنەواری وێرانبوونە لەبەرچاوی هەمووانە، هەروەها لەنێو شەقامەكاندا تەرمەكان بڵاوبوونەتەوە كە رووخساریان تەواو شێواوە بەهۆی گەرمای هاوینەوە.

سەرچاوە: بەغدا تودەی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل