هادی عامری: حەشدی شەعبی و پێشمەرگە رووبەڕووی یەك نابنەوە

:: PM:10:36:16/08/2017 ‌

هادی عامری ئەمینداری گشتیی رێكخراوی بەدر و سەرپەرشتیاری هێزەكانی حەشدی شەعبی رای گەیاند كە بەدووری دەزانین لەسەر هەر ناكۆكییەك رووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەكانی حەشدی شەعبی و هێزی پێشمەرگە روو بدات.

لە چوارچێوەی گەشتی شاندی باڵای ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بۆ بەغدا، ئەمڕۆ شاندەكە لەگەڵ ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی عێراق كۆ بووەوە، شاندەكە چاوی بە هەریەكە لە سەلیم جبووری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و هومام حەموودی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق و نوێنەری پێكهاتەكانی هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعە كەوت.

هادی عامری لە میانەی پێشوازیكردنی لە شاندی كوردستان رای گەیاند كە ئەستەمە جەنگ لە نێوان ئەوان و كوردستان روو بدات، چونكە كێشەی برایان تەنیا بە گفتوگۆ چارەسەر دەكرێت.

ئەمڕۆ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی شاندی كوردستان لە بەغدا رای گەیاند، لە كۆبوونەمان لەگەڵ هادی عامری سەرپەرشتیاری گشتیی هێزەكانی حەشدی شەعبی، گفتوگۆمان لەسەر پرسی ریفراندۆم كرد، عامری دوودڵە لە كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی كوردستان.

دووشەمی رابردوو 14 ئاب/ ئۆگەستس، شاندی كوردستان گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبوونەوە، دواتر لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق و عەماڕ حەكیم و باڵوێزی ئەمەریكا و ئێران لە عێراق كۆبوونەوە، ئەمڕۆش لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كۆ بوونەوە و كۆبوونەكانیشیان بەردەوامی هەیە.

حەوتی حوزەیران/ یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد.

سەرچاوە: بەغدا تودەی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل