رەوتی سەدر سكاڵای یاسایی تۆمار دەكات

:: PM:11:37:16/08/2017 ‌

دەستەی سیاسی رەوتی سەدر بڕیار دەدات كە سكاڵای یاسایی لەدژی ئەو لایەنانە تۆمار بكات كە دەمدرێژیان كردووەتە سەر موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتەكە، ئەوەش دوای ئەوەی لە چەند دەزگەیەكی راگەیاندن سەدر تۆمەتی جیاجیای خرایە پاڵ.

موقتەدا سەدر لە ماوەی دواییدا سەردانی سعوودیە و ئیماراتی كرد و ئەو لە دیمانەیەكی رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت"ی سعوودی رای گەیاند كە سعوودیە باوكی هەمووانە و مەبەستی چەسپاندنی ئاشتییە لە ناوچەكەدا، ئەو پێشوازی لە گەڕانەوەی عێراق بۆ ناو باوەشی عەرەبی كرد.  

بەپێی بەیاننامەیەك ئەمڕۆ چوارشەم دەستەی سیاسی رەوتی سەدر كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ساز كرد بەمەبەستی تاوتوێكردنی ئەو دەمدرێژییە نابەرپرسانەی بۆسەر سەدر وەك سەركردەیەكی نیشتیمانی كراوە.

دەستەكە لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاری دا كە داوای یاسایی لەدژی هەر كەسێك تۆمار بكات كە دەمدرێژیان كردووەتە سەر سەدر، جیا لەوە دەستەكە داوای لە بارستەی ئەحرار كرد لە پەرلەمان كە كار بۆ مێوانداریكردنی ئەنجوومەنی ئەمیندارانی تۆڕی هەواڵی راگەیاندنی عێراقی و سەرۆكی تۆڕەكە لە پەرلەمان بكەن، بەمەبەستی هەڵوەستەكردن لەسەر ئەو هەڵانەی بە مەبەست لە بەرامبەر سەدر كراوە و راستكردنەوەی رەوتی كاری تۆڕەكە لەسەر بنەمایەكی نیشتیمانی كە پێویستە بێلایەن بێت لە خستنەڕووی بابەتەكانی راگەیاندنی.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل