جموجوڵی بازرگانی لە نێوان كوردستان و ئێران زیادی كردووە

:: AM:08:50:17/08/2017 ‌

ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران، لە مانگی تەمووزی ئەمساڵدا بەراورد بە مانگی حەوزەیرانی رابردوو، بە رێژەیەكی بەرچاو زیادی كردووە. بەرپرسانی دەروازە سنوورییەكان هۆكارەكەی بۆ هەڵكشانی ئاستی داخوازیی لە ناوخۆی كوردستان و پڕۆژەكانی ئاوەدانكردنەوە لە مووسڵ دەگێڕنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی پەروێزخان بە رێژەی 45% و لە دەروازەی باشماخ بە رێژەی 10% زیادی كردووە. ئەوەش لە كاتێكدایە دەنگۆی داخستنی سنوورەكان لەلایەن ئێرانەوە هەبوو.
دوای توركیا، ئێران زۆرترین كاڵا هەناردەی بازاڕەكانی باشووری كوردستان دەكات كە ساڵانە قەبارەی هەناردەی ئێران بۆ باشووری كوردستان چوار ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت، بەوەش 11%ی كۆی گشتیی هەناردەكراوی باشووری كوردستان پێك دێنێت، سەرەڕای ئەوەی هەناردەی توركیا بەراورد بە ئێران زۆر زیاترە كە خۆی لە 44%ی كۆی گشتی هەناردە دەدات.
شاخەوان بەكر بەڕێوەبەری گومرگی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ، بۆ "وشە" دەڵێ‌، "داهاتی مانگی تەمووزی ئەمساڵ بەراورد بە مانگی پێش خۆی، پێنج ملیار دینار زیادی كردووە، بەو پێیە داهاتی مانگی رابردوو بەڕێژەی لە 10% بەرز بووەتەوە".
بەكر زیاتر دەڵێ‌، "هۆی زیادبوونی داهات بۆ زیادبوونی خواستی خەڵك بۆ كاڵا خۆراكییەكان دەگەڕێتەوە، بەو هۆیەوە بازرگانان زیاتر كاڵای خۆراكی هاوردە دەكەن، هەروەها چەند كۆمپانیایەكی پشكنین كە پێشتر لە سنوورەكاندا بوون و بڕە پارەیەكیان لە بازرگانان وەردەگرت، ئێستە نەماون و ئەوەش كاریگەری لەسەر جموجۆڵی بازرگانی دروست كردووە".
پەروێزخان یەكێكی ترە لە دەروازە گرنگەكانی نێوان كوردستان و ئێران كە رێژەی 45%ی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان كوردستان و ئێران لە رێی ئەو مەرزەوە دەكرێت.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گومرگی گەرمیان، مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ داهاتی ئەو دەروازەیە سێ ملیار و 373 ملیۆن و 898 هەزار دینار بووە، بەڵام داهاتەكە لە مانگی تەمووزدا بۆ شەش ملیار و 357 ملیۆن و 475 هەزار دینار بەرز بووەتەوە. 
ئامارەكە روونی دەكاتەوە، تەنیا لە ‌یەك مانگدا داهاتی ئەم دەروازەیە زیاتر لە دوو ملیار و 983 ملیۆن دینار زیادی كردووە، ئەمە لە كتێكدایە كە كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم نزیك دەبێتەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانیش لە مەرزەكان گەرمتر دەبێت، بەپێچەوانەی ئەو هەوڵانەی باس لە داخستنی مەرزەكان دەكەن.
جگە لەو دوو مەرزە نێودەوڵەتییە، چەند مەرزێكی تر لە نێوان باشووری كوردستان و ئێراندا هەن و هەزاران كارمەند و كرێكار كاریان تێدا دەكەن، لەناویاندا مەرزەكانی حاجی ئۆمەران، سەیرانبەن، شۆشمێ‌، پشتە و.. هتد، رۆژانە هەزاران تۆن لەو مەرزانەوە هاوردە دەكرێت.
 ئەزوەر مەحموود بەڕێوەبەری مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ پێشتریش بە"وشە"ی راگەیاندبوو، "ئێران داوای لێ كردووین لەكاتی نیوەڕۆدا كە یەك سەعات پشووی كارمەندەكانە، جموجوڵی بازرگانی رانەگیرێت و ئاڵوگۆڕ بەردەوام بێت، بۆیە كار دەكەن لەسەر ئەوەی ئەو سەعاتە پشووە ئاڵوگۆڕ رانەگیرێت".
كارزان خەلیل یەكێك لە بازرگانانی سنوورەكە، بۆ "وشە" دەڵێ‌، "جموجوڵی بازرگانی لەم چەند مانگەدا زیاتر بووە لە رێی مەرزەكانی نێوان هەرێم و ئێران، تەنانەت هەندێك لە مەرزە لاوەكییەكان كە پێشتر بازرگانی لێیانەوە وەستابوو، ئێستە دووبارە كراونەتەوە كاریان تێدا دەكرێت".
زیاتر دەڵێ‌، "ئێستە خەریكە چەندان پڕۆژە لە هەرێم بەگەڕ دەخرێنەوە، بەوەش ئاڵوگۆڕی بازرگانی فرەوانتر دەبێت، هەندێك لەو كەلوپەلە بیناسازییانەش كە هاوردە دەكرێن بۆ پارێزگای مووسڵ دێنە ناردن".

هه‌ڵه‌بجه‌/ سەلام هانەدنی




وشە - تایبه‌ت