لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵ دەكرێ

:: AM:09:12:17/08/2017 ‌

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەم ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆی، لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی عێراق فەلاح زێدان بكات، هاوكات چەندان پڕۆژە یاسا و خاڵی تر لە بەرنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان هەن

لە ڕاگەیەنراوێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هاتووە، بڕگەی یەكەمی دانیشتنی ئەمڕۆ چوارشەم تەواوكردنی دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاسای یاسای هەڵبژاردنی پارێزگا و شارۆكەكان دەبێ، دواتر پڕۆژە یاسای هەمواری بیستەمی یاسای خاوەنداری دەنگی لەسەر دەدرێ و ئینجا بڕیاری گەڕانەوەی ئاوارەكانی ڕۆژئاوای نەینەوا دەخرێتە دەنگدانەوە.

لە بڕگەكانی تری دانیشتنەكە پڕۆژە یاسای دڵنیایی تەندروستی و لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری كشتوكاڵی عێراق فەلاح زێدان، لەسەر داوای پەرلەمانتار زەینەت تائی ئەنجام دەدرێ، پاشان خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای چاندنی ئەندامانی جەستەی مرۆڤ و ڕاپۆرت و گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە یاسای بەرزڕاگرتنی  قوربانیانی جەنگی داعش و تیرۆریستان، خێراكردنی مامەڵەكانیان لە پاراستن و چارەسەركردنی برینداران تاوتوێ دەكرێ، لە كۆتاشدا ڕاپۆرت و گفتوگۆ لەسەر پەسەندكردنی ڕێككەوتنی نێوان عێراق و لێژنەی خاچی سووری نێودەوڵەتی دەخرێتە ڕوو.






وشە - باز ئه‌حمه‌د