گرووپێكی لەشفرۆش لە چوارقوڕنە گیران

:: AM:09:20:17/08/2017 ‌

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی یەكەی كارگێڕیی ڕاپەڕین لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاشكرای كرد، سێ كەسیان بە تۆمەتی سەرپەرشتیكردنی لەشفرۆشان و لەشفرۆشی پێكردنیان لە شارەدێی چوارقوڕنەی سەر بە پارێزگای سلێمانی گرتووە.

بەشی نەهێشتنی تاوانەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی یەكەی كارگێڕیی ڕاپەرین لە ڕاگەیەنراوەكە هێمای بۆ ئەوە كردووە، كە لە ڕۆژی 15ی ئەم مانگە هێزەكانیان لە شارەدێی چوارقوڕنە توانیویانە سێ كەس بگرن، كە یەكێكیان تەمەنی 38 ساڵە ناوی "ح. م. ع" و ئەوەی تر ناوی "ك. ع. ح" و تەمەنی 32 ساڵە و ئەوەی تریش ناوی "ڕ.ف.ع" تەمەن 17 ساڵ، هەرسێكیان بە تۆمەتی كاری لەشفرۆشی و مامەڵەكردن بە لەشفرۆشان گیران، هاوكات لە كاتی گرتنیان بڕێك مادەی هۆشبەریشیان پێ گیراوە.

ئاماژەی داوە، لە میانەی لێكۆڵینەوە سەرەتایییەكان لەم دوو ڕۆژەی گیراون، هەرسێ تاوانبارەكە دانیان بە تاوانەكانیان ناوە و دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، كە كاری لەشفرۆشییان كردووە و مامەڵەیشیان بە لەشفرۆشان كردووە و ئامادەیان كردوون و بۆ لەشكڕانیان بردوون، دوای داننان بە تاوانەكانیان بە بڕیاری دادوەر لە گرتووخانە ڕاگیراون.

گرتنی ئەو گرووپە كە مامەڵەیان بە لەشفرۆشان كردووە، لە كاتێكدایە پێشتریش لە گەڕەكی بەختیاری شاری سلێمانی، خەڵكی گەڕەكەكە واژوویان كۆ كردەوە و ناڕەزایەتیی زۆریان بەرامبەر بە یانەیەكی شەوانە دەربڕی كە لە ناو یانەكە كار بە لەشفرۆشان دەكرا.



وشە - باز ئه‌حمه‌د