میسی بەتەمایە بۆمبەكە بتەقێنێتەوە

:: AM:10:09:17/08/2017 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئێستا بەخراپترین دۆخ تێپەڕ دەبێت دوای رۆیشتنی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی بۆ یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی.

یانەی بەرشەلۆنە تا ئێستا نەیتوانیوە كەلێنی نیمار پڕ بكاتەوە و ئەمەش بەتەواوی لە یاریی چوون و هاتنی یاریی كلاسیكۆی جامی سوپەری ئیسپانیا هەستی پێكرا كە بە ئەنجامی 5-1 گۆڵ دۆڕا.

رۆژنامەی (دەیلی ئێكسپرێس)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: میسی ئەستێرەی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنە تاڕادەیەكی زۆر لە بەرپرسانی یانەكەی توڕەیە بەهۆی ئەوەی وەك پێویست نەیتوانیوە كێشەكانی یانەكە لەم هاوینەدا چارەسەر بكەن.

یەكێك لەو هۆكارانەی كە میسی توڕە كردووە دامەزراندنی ئێرنیستۆ ڤالڤێردی بوو وەك راهێنەری یانەی بەرشەلۆنە لە شوێنی لویس ئێنریكی كە ئەو ئەستێرەیە داوای كردبوو خۆرخێ سامپاولی راهێنەری ئەرجەنتینی و پێشووی یانەی سڤیلییە لەشوێنەكەی دامەزرێنن.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشدا كە میسی لە ئێستادا بەرژی بیر لەوە دەكاتەوە ئەو گرێبەستە نوێیەی بەم دواییە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە ئیمزای كرد، پووچەڵی بكاتەوە و بەیەكجاری ریزی یانە كەتەلۆنییەكە جێبێڵێ و روو لە خولێكی تری ئەوروپا بكات.

میسی بە ئاستی ئێستای یانەی بەرشەلۆنە رازی نییە و پێشتر داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردبوو لە شوێنی گرێبەستكردن لەگەڵ یاریزانە لاو و بێ ئەزموونەكان، بۆ وەرزی داهاتوو چەند ئەستێرەیەكی ئێستای تۆپی پێی ئەوروپا و جیهان بهێننە تیپەكەیانەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م