مۆمی گوێچكە - هاوكار یان دژ‌ بە جەستەی مرۆڤ؟

:: AM:10:42:17/08/2017 ‌

مۆمی گوێچكە كە به دەردراوی لینجی ڕەنگ زەردی ناو گوێچكە دەناسرێت كە لە خودی گوێچكە دروست دەبن و لە بەشی ناوەوە جێگیر دەبن، هاوكات زۆرێك لە ئێمە رۆژانە دووچاری ئەوە دەبینەوە كە هەست بە بوونی تۆپەڵێك لە پێكهاتەی لینج لە بەشی دەرەوەی گوێچكە دەكەین یا زۆر بە ڕوونی دەبینرێت. خودی مرۆڤەكان بە بوونی ئەم جۆرە دەردراوە تەواو ناڕەحەت دەبن و هەوڵی دەرهێنان و پاككردنەوەی گوێچكە بە بەردەوامی دەدەن بە بەكارهێنانی جۆرەها ڕێی تەندروست و ناتەندروست، بێ ئەوەی زانیاری لەسەر هۆكاری دروستبوونی ئەو دەردراوە و كەڵەكەبوونی ڕوون بێت لە لایەن هاووڵاتییان و سوود یان زیانەكانی بزانرێت، هاوكات دەستبردن بۆ ناوەوەی گوێچكە، ئەگەری دروستبوونی مەترسی لەسەر پێكهاتە هەستیارەكانی گوێچكە هەیە.

زانیاریییە پزیشكییەكان ئەو ڕاستییە زانستییە دەستنیشان دەكەن كە مۆمی گوێچكە بە دەردراوێكی یەكجار گرنگ دادەنرێت لە بەرگریی جەستەی مرۆڤ بەرامبەر بە هەر پێكهاتێكی نامۆ لە پارێزگاریكردنی ناوەوەی گوێچكە لە زیندەوەری وردبین و بینراو كە هۆكارن لە دروستبوونی هەوكردن و هەڵئاوسان‌ و سووربوونەوە و ئازاری گوێچكە، هاوكات ڕەنگە ڕێژەی دەردراوی گوێچكە لە كەسێك بۆ یەكێكی تر جیاواز بێت، بە جۆرێك لەو كەسانەی كە ڕێژەی مۆمی گوێچكە دەگات بە ئاستە بەرزەكانی، دەبێتە هۆی داخرانی تەواوی گوێچكە و دروستبوونی گرفتی بیستن، هەر بەو هۆیەوە وا پێویست دەكات بە ڕێی پزیشكی و لە ژێر چاودێری كەسانی پسپۆڕ هەوڵ بدرێت ئەو لینجە پێكهاتە كەڵەكەبووە پاك بكرێتەوە و دووبارە هەستەوەری بیستن بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی. 

توێژەران هۆكارەكانی بەرپرس لە كەڵەكەبوونی مۆمی گوێچكە دەگەڕێننەوە بۆ سروشتی وشكبوونەوە و ڕەقبوون لە گوێچكە بە تایبەت لە كەسانی بە ساڵاچوودا، یا كێشەی تەسكی كەناڵی گوێچكە و زۆریی موو كە وا دەكات دەردراوی گوێ بە ڕووی دەرەوەدا ئاراستە بگرێت و خێرا كەڵەكە ببێت و گوێ بە تەواوی دابخات، زۆرجار هۆكاری رەقبوون و كەڵەكەبوون دەگەڕێتەوە بۆ پەستانی زۆری دەردراوی گوێ بۆ ناوەوە بە مەبەستی پاكردنەوە و دەرهێنانی لە ڕێی چیلكەی بە پەمۆكراوی تایبەت بە پاككرنەوەی گوێچكە. هەر بەو هۆیەوە كەسی تووشبوو لە ئەنجامی داخرانی دەرچەی گوێ، چەند نیشانەیەكی تێدا بەدیار دەكەوێت وەك ئازار و خورانی بەردەوام لە گوێ و لەدەستدانی هەستیاری بیستن و ناهاوسەنگی لە جووڵەی جەستە و‌ دواجار مەترسی سەرهەڵدانی هەوكردن، هەركات گوێ لەو دەردراوە كەڵەكەبووە پاك كرایەوە، ئەو كات نیشانەكان بەرەو نەمان دەچن و كەسەكە دەگەڕێتەوە بارێكی ئاسایی و تەندروست.

ڕێگەكانی پاككردنەوە و دەرهێنانی مۆمی گوێچكە سەرەتا دەبێت پشكنینی تایبەتی بۆ بكرێت لە لایەن پزیشكی پسپۆڕ‌ بەمەبەستی پشتڕاستكردنەوەی داخرانی ڕێڕەوی گوێچكە لە پاشان بڕیاردان لەسەر دیاریكردنی ڕێی تایبەت بە دەرهێنانی مۆمی گوێچكە، كە بەپێی پێكهاتە و ئاستی داخرانەكە چارەسەری گونجاوی بۆ ئەنجام دەدرێت، كە پێك دێن لە چارەسەر بە ڕێی بەكارهێنانی دڵۆپی تایبەت (eardrops) لە پێكهاتەی كیمیایی كە دەبێتە هۆی نەرمبوونەوەی مۆمی گوێچكە و پاكبوونەوەی بەشێوەیەكی خۆڕسك، یاخود لە ڕێی بەكارهێنانی شێوازێكی تایبەت بە پێداكردنی ئاو بە ناو دەرەچەی گوێدا و هاتنەدەرەوەی دەردراوی كەڵەكەبوو كە بە ڕێی (ear irrigation) ناسراوە، یا لە ئەنجامی بەكارهێنانی ئامێرێكی هەستیاری مژۆك (microsuction) كە پاشماوەی دەردراوی وشكبوو بۆ دەرەوەی گوێچكە ڕادەكێشێت، كۆتا ڕێگەیش كە زۆرجار پێكهاتی چیلكەی پزیشكی هەستیار (aural toilet) بەكار دێت و بەشی وشكبوو بە چەند هەنگاوێك پاك دەكرێتەوە، دوور لە ئەگەری دروستبوونی ئازار و هەر لێكەوتێكی نەرێنی بەناوەوەی گوێدا. 

د. تۆڵە فەرەج / بەریتانیا
*سەرچاوە: (دەزگەی تەندروستی نیشتمانی بەریتانی NHS).




وشە - باز ئه‌حمه‌د