دوای شكستی كلاسیكۆ.. پاریس سان جێرمان گاڵتە بە بەرشەلۆنە دەكات
یانەی پاریس سان جێرمانی فڕەنسی گاڵتەی بە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی كردووە دوای شكستە گەورەكەی شەوی رابردووی كلاسیكۆ.
شەوی رابردوو یانەی بەرشەلۆنە بۆ دووەمجار لە ماوەی یەك هەفتەدا لە یاریی گەڕانەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەرامبەر یانەی ریال مەدریدی ركابەری دۆڕا، یانەكە یارییەكەی بە 2 گۆڵی بێ بەرامبەر دۆڕاند و یەكشەمی رابردووش لەنێو یاریگەی كامپ نوو بە ئەنجامی 1-3 گۆڵ دۆڕا بوو.
رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی بڵاوی كردەوە: یانەی پاریس سان جێرمان بە بڵاوكردنەوە وێنەیەك لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (تویتەر) گاڵتەی بە یانەی بەرشەلۆنە كردووە.
یانەی پاریس سان جێرمان وێنەیەكی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا ئەو ئەستێرەیەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە بە پێكەنینەوە دەركەوتووە.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە بڵاوكردنەوەی ئەم وێنەیەی نیمار وەك گاڵتەیەك وایە بەرامبەر یانەی بەرشەلۆنە بەهۆی شكستە گەورەكەیان لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ.
جێی باسە یانەی بەرشەلۆنە بەهۆی رۆیشتنی نیمار تووشی كێشەیەكی گەورە بووەتەوە و تا ئێستا هیچ یاریزانێك نەیتوانیوە شوێنەكەی پڕ بكاتەوە و هەر لەبەر ئەمەشە ئاستی یانەكە بەتەواوی رووی لە دابەزین كردووە.
وشە -
ئامانج ئهكرهم