خەڵاتی ئۆسكار چییە؟

:: AM:11:02:17/08/2017 ‌
خەڵاتی ئۆسكار خەڵاتێكی سینەمایی ساڵانەی ئەمەریكییە و لەلایەن ئەكادیمیای هونەر و زانستی وێنەی جووڵاوی ئەمەریكییەوە دابین دەكرێت بۆ دەستنیشانكردنی باشترینەكانی پیشەسازیی فیلم لە وڵاتی ئەمەریكا و لەلایەن ئەندامانی ئەكادیمیاكەوە دەنگیان لەسەر دەدرێت.

مێژووی خەڵاتی ئۆسكار:
یەكەمین ئاهەنگی دابەشكردنی خەڵاتی ئۆسكار لە 16 ئایاری ساڵی 1929دا بوو لە ئێوارە خوانێكدا لە هۆتێل هۆڵیوود ڕۆسڤێڵت لەگەڵ نزیكەی 270 تەماشاكەردا، بەشێكی تری ئاهەنگەكە لە هۆتێل مەیفێر ساز درا كە نرخی تكتی ئاهەنگەكە لەو ساڵەدا پێنج دۆلار بوو.  15خەڵات دابەش كرا بەسەر هونەرمەند و دەرهێنەر و بەشداربووانی تری پیشەسازیی فیلمدا بۆ ئەو فیلمانەی لە ماوەی ساڵانی 1927-1928 دا هاتوونەتە دەرهێنان. ئاهەنگەكە 15خولەكی خایاند. 

یەكەمین خەڵاتی ئۆسكار بە كێ بەخشرا؟
یەكەمین خەڵاتی باشترین ئەكتەر درا بە  (ئێمیل جانینگز) بۆ ڕۆڵی ئەو ئەكتەرە لە فیلمەكانی ''دوایین فەرمان'' و ''The Way of All Flesh'' جانینگز دەبوو بگەڕێتەوە بۆ ئەوروپا بەر لە دەستپێكردنی ئاهەنگی دابەشكردنی یەكەمین خەڵاتی ئۆسكار. بۆیە ئەكادیمیاكە ڕازی بوون لەوەی پێشتر ڕۆیشتنەكەی و بەر لە دەستپێكی دابەشكردنی خەڵاتەكان خەڵاتەكەی پێ ببەخشێ، ئەمەش جانینگزی كرد بە یەكەمین كەس لە مێژوودا كە خەڵاتی ئۆسكاری پێ بەخشرا.

ناوی خەڵاتی ئۆسكار لە چییەوە هاتووە؟
بنەچەی ناوی ئۆسكار گفتوگۆی لەسەرە. بێتی دەیڤس كە سەرۆكی ئەكادیمیاكە بوو دەڵێت، ئەو ئۆسكاری بە ناوی مێردی یەكەمیەوە (ئۆسكار نێڵسن)ەوە ناو ناوە. سەرەڕای سێ چوار ڕای جیاوازی تر، بەڵام وەك دەگوترێت لە ساڵی 1928 ژنێك كە لە ئەكادیمیاكەدا ئیشی كردووە، كاتێك بۆ یەكەم جار ئەو خەڵاتەی بینیوە، گوتوویەتی لە مامە ئۆسكارم دەچێ. بەڵام تا ئێستە قسەی كۆتا و یەكلاكەرەوە لەوبارەیەوە نییە.

سەرچاوە/mirror  .oscars.



وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان