شادە عەلی: بەم نزیكانە سیدییەك بڵاو دەكەمەوە

:: AM:11:54:17/08/2017 ‌
شادە عەلی شاعیر و شێوەكار، لە نەوەتەكانی سەدەی رابردووەوە دەستی بە نووسینی شیعر و تابلۆكێشان كردووە. سروشت و ژن، پانتایییەكی گەورەیان لە كارە هونەرییەكانی داگیر كردووە. شادە لە دیدارێكی "وشە"دا باس لە ئەزموونی كارەكانی دەكات.


سەرەتای دەستكردنتان بە نووسینی شیعر و نیگاركێشی بۆ كەی دەگەڕێتەوە؟
لە ناوەڕاستی نەوەتەكانەوە دەستم بە شیعر نووسین و لە هەمانكاتدا بە تابلۆكێشان كردووە و پێكەوە ئەو دوو كارەم لە خۆمدا كۆ كردووەتەوە.

شیعر چیی پێ بەخشیووی؟
شیعر توانیویەتی ئاسوودەیم پێ ببەخشێت، چونكە ئێمە بەدوای ئاسوودەیدا دەگەڕێین و ئاسوودەیی لە شیعردا دەدۆزمەوە، بۆیە بەردەوام دەنووسم.

ڕۆڵی ژنی كورد لە دنیای شیعردا چۆن دەبینن؟
ژنان هەر لە كۆنەوە رۆڵ و كاریگەرییان لە بواری شیعر و نووسیندا هەبووە، پێویستە ئێستەش ئەو توانا و بەهرەی هەیانە لە بواری شیعر بێت یان شێوەكاری یان هەر بوارێكی تر، خزمەتی میلەتەكەیانی پێ بكەن و خاوەنی دەنگی خۆیان بن.

بەشداری هیچ فێستیڤاڵ و كۆڕ و پێشانگەیەكی شێوەكاریت كردووە؟
وەكو شیعر بەشداری چەند كۆڕێكی شیعریم كردووە و هەروەها بەشداری  42پێشانگەی هاوبەشم كردووە و و چەند پێشانگەیەكی تایبەتیشم كردووەتەوە.

تابلۆكانت زۆر گرنگی بە ژن دەدەی لەگەڵ سروشت، بۆ؟
تابلۆكانم تێكەڵكردنی پایز و سروشتە، خۆشەویستی و دەروون و جەستەی ئافرەت بە زمانی لێكچوواندن بە سروشت. بەگشتی تابلۆكانم باسی جوانی سروشت و هێزی ئافرەت دەكەن.

پێت وایە شیعر و شێوەكاری لە دوو كاری جیاوازدا دنیایەكی جوانی گەورەیان بۆ خوڵقاندوویت؟
بێگومان شیعر و شێوەكاری دوو دنیای پێكەوە گرێدراوی جوانی ناو ڕۆحی منن و هەردووكیان لای من گرنگ و پِڕ بایەخن.

تا چەند تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بوونەتە وێستگەیەك بۆ دەرخستنی تواناكانی ژن؟
نكوڵی لەوە ناكرێت تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بوونەتە وێستگەیەكی گرنگ بۆ نووسین و دەربڕینی تواناكانی ژنان لە بواری شیعر و چالاكییەكانی تردا و زۆر بە ئاسانی و خێرایی بە خوێنەر دەگەن.

 هیچ بەرهەمێكی نوێت لە بەردەستە؟
بەرهەمی من كۆتای نایە و بەردەوام دەبم لەسەر نووسین، چونكە بەشێكە لە ڕۆحم و پڕۆژەیەكی شیعریم هەیە، سیدییەكە بە دەنگی خۆم تۆمار كراوە و بەم نزیكانە بڵاو دەبێتەوە.

سلێمانی- ڕێباز و كانیاو






وشە - تایبه‌ت