عەرەبەكان لە پشتی كامێراوە هانی سەربەخۆیی دەدەن

:: AM:11:57:17/08/2017 ‌
ئەندامێكی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، رای دەگەیەنێت كە كۆبوونەوەی شاندی كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، زۆر ئەرێنی بووە و عەبادی دژی ریفراندۆم قسەی نەكردووە. ئەویش ئاشكرا دەكات، پاش گەڕانەوەی ئەو شاندە لە بەغدا، سەردانی توركیا و ئێران و وڵاتانی زلهێزی دنیا دەكرێت.

شاندی كوردستان دوو رۆژە لە بەغدایە و لەگەڵ لایەنە كاریگەرەكانی عێراق و باڵوێزی وڵاتان لە بەغدا كۆ دەبێتەوە بۆ گەیاندنی پەیامی كوردستان كە لە 25ی ئەیلوولی داهاتوو خەڵكی هەرێمەكە دەنگی لەسەر دەدەن.

محەمەد ئیلخانی ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، "دوای هاتنەوەی شاندەكە لە بەغدا، ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم كۆ دەبێتەوە و هەڵسەنگاندن كۆبوونەوەكانی بەغدا دەكات، ڕۆژانەیش لە ئەنجامی كۆبوونەوەكان ئەنجوومەنی ڕیفراندۆم ئاگەدار دەكرێنەوە، تا ئێستەش سەردانەكە زۆرباش بووە، ئەوەی چاوەڕێمان دەكرد، كۆبوونەوەكە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی زۆر ئەرێنی بووە".

روونی كردەوە، "پاشان هەنگاوی تر دەست پێ دەكات، چونكە ئێمە داماننابوو سەردانی وڵاتانی دەرەوە بكرێت، بۆیە دوای سەردانە ناوخۆیییەكانی عێراق، سەردانی وڵاتانی دەرەوە لە وڵاتانی دراوسێوە دەست پێ دەكەین، بەگوێرەی هاوئاهەنگی نێوان كوردستان و ئەو وڵاتانەش وادەی سەردانەكان دیاری دەكرێن. دواتر فڕەنسا و بەریتانیا و ئەمەریكا و ڕووسیا دێنە بەرنامەی سەردانی شاندی كوردستان بۆ وڵاتانی دەرەوە".

ئیلخانی لەبارەی هەڵوێستی لایەنەكانی وەك ئێران و ئەمەریكا لەبارەی ریفراندۆمەوە، دەڵێ‌، "ئەمەریكا و ئێران لەسەر كاتەكەی كێشەیان هەیە".

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە"، هەریەك لە ئێران و ئەمەریكا دژایەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمیان نەكردووە و تەنیا دووپاتیان لەوە كردووەتەوە "كاتەكەی بە گونجاو نازانن". كورد دەیەوێت لە رێی سەردانی شاندەكەیەوە بۆ بەغدا، سوود لە هەڵوێستی عەبادی وەربگرێت، بەتایبەت كە عەبادی دژایەتی ریفراندۆمی نەكردووە، ئەوەش یارمەتیدەر دەبێت لەوەی هەرێمی كوردستان گفتوگۆیەكی وردتر لەگەڵ دەوڵەتانی دنیا ئەنجام بدات، لە كاتێكدا بەغدا لاری لە ریفراندۆمەكە نەبێت، هاوكات ئیرادەی كوردستان لە دواجاردا وڵاتان ناچار دەكات رێز لە "بۆچوونی گەل" بگرن.

نەجیبە نەجیب ئەندامی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ "وشە" دەڵێ‌، "هاتنی شاندەكە زۆر گرنگە و تا ئێستە سەركەوتوو بووە لە گەیاندنی پەیامی كوردستان و گفتوگۆكردن لەسەر ڕیفراندۆم، كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق هەنگاوێكی گرنگ بوو و بە تەواوی ئەرێنی بووە، ئەمەش مانای وایە عەبادی لاری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە كوردستان نییە".

دووپاتی كردەوە، "ئێمە گەیشتین بە باوەڕێكی هاوبەش كە شەراكەت و گەرەنتی بۆ خەڵكی كوردستان نەماوە، پێویستە هەردوولا ببن بە دوو دراوسێی باش، ئەمەش لە بەرژەوەندی هەردوولایە، زۆر گرنگە ئێمەی كورد ڕەزامەندی یان دژایەتی نەكردنی بەغدا بۆ ڕیفراندۆم لە حكوومەتی عێراق وەربگرین، ئەمە سەركەوتنێكی گەورەیە و پشتیوانێكی گەورە دەبێ لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بۆیە چەند بتوانین بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەین و باوەڕ بە بەغدا بێنین لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، هێندەی تر ڕێی سەربەخۆیی كوردستان كورتتر دەبێتەوە".

سەردانەكەی شاندی كوردستان یەكەمجارە لە دوای 2003ـوە كە دەچنە بەغدا بۆ "قسەكردن لەسەر جیابونەوە نەك چارەسەری كێشەكان لە عێراق"دا

نەجیبە نەجیب زیاتر دەڵێ‌، "من هەشت ساڵە وەك پەرلەمانتار لە بەغدام و لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەكان گفتوگۆمان هەیە، ئەوان بە سەرجەم حزبەكانیانەوە دژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان نین و بڕوای تەواویان هەیە، بەڵام ناوێرن ئەمە بڵێن، لەبەرئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانیان لە پێشە و نایانەوێ شەقام لە خۆیان بتۆرێنن، هۆكارێكی تریش كاریگەریی ئێرانە لەسەر شیعەكانی عێراق كە بە تەواوی بەسەریاندا زاڵە و تا ئێستە بە فەرمی نایەوێ كوردستان سەربەخۆ بێت".

"دوور لە میدیا و لە دانیشتنەكان، عەرەبەكان نایشارنەوە كە باوەڕیان بەوەیە كوردستان سەربەخۆ بێ، ئەو هەنگاوانەی حكوومەتی عێراقیش لە نەناردنی چەك بۆ پێشمەرگە و جێبەجێ نەكردنی مادەی 140 و نەهێشتنی هاوسەنگی لە سوپا و پەراوێزخستنی كورد، پاڵنەرن كە ئەوان بە كردار دەیانەوێ پێمان بڵێن جیا ببنەوە" پەرلەمانتارەكەی عێراق وای گوت.

ئەو پەرلەمانتارەی عێراق بە پێویستی دەزانێت، "كوردستان ئیرادەی خۆی پێشان بدات، ئەو كردارانەی ئەوان بكەین بە هەڵوێست و چیتر ڕازی نەبین لە عێراق بمێنینەوە، ئەگەر ئێمە ئیرادەی خۆمان پێشان بدەین، ئەوان لاریان نابێ".

نەجیب ئەوەیش روون دەكاتەوە كە "كۆبوونەوەی عەبادی و شاندی كوردستان، نیشانەی رەزامەندی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانە بۆ ڕیفراندۆمی كوردستان، ئەو دەیەوێ دەرگەی گفتوگۆ لەسەر پرسی ڕیفراندۆم لە نێوان هەردوولا بكاتەوە، ئەمەش بۆچوونی 90%ی شیعەكانی عێراقە، كەواتە كێشە لەگەڵ شیعەكانی عێراق نییە، ئەگەر بتوانرێ لەژێر كاریگەری ئێران نەبن، یان ئێران ڕازی بكرێ، هاوكات سوننەكانیش كە ناوچەكانیان هاوسنوورە لەگەڵ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ئەگەر ڕێككەوتنیان لەگەڵ بكرێ لەسەر ئەو ناوچانە، هیچ كێشەیەك نامێنێ و هەموو كێشەكان بە ئاسایی بەڕێوە دەچن".


وشە - باز ئه‌حمه‌د