شاندی كوردستان وەڵامی عەلی سیستانی دەداتەوە

:: PM:12:19:17/08/2017 ‌

دوای بەیاننامەكەی نووسینگەی عەلی سیستانی گەورە مەرجەعی شیعەكان كە ڕای گەیاندبوو پێشوازی لە شاندی كوردستان ناكات ئەگەر باسی جیابوونەوە و ڕیفراندۆم بكەن، ئەندامێكی شاندی كوردستان دەڵێت، دەچینە كەربەلا و لەبەرنامەمان نەبووە سەردانی سیستانی بكەین.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی ئاب/ ئۆگستس، ماجید عوسمان ئەندامی شاندی دانوستانكاری كوردستان لە بەغدا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئێمە باسی ڕیفراندۆم دەكەین لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و كەسایەتییەكان، بۆیە ڕێز لە بۆچوونی سەرجەم لایەنەكانیش دەگرین.

ئەندامەكەی شاندی كوردستان بۆ ڕیفراندۆم دەڵێت، ئێمە ڕەنگە بچینە كەربەلا بۆلای چەند كەسایەتییەك، بەڵام تا ئێستە لەبەرنامەمان نییە بچینە لای عەلی سیستانی بۆ گفتوگۆ لەسەر پرسی ڕیفراندۆم، هەروەها وەڵامی بەشی زۆر ئەو لایەنانەی سەردانمان كردوون، باش بووە و داوای گفتوگۆیان كردووە، ئێمەیش بۆ گفتوگۆ ئامادەین.

ڕۆژی 14ـی ئاب شاندێكی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا لە كوردستان بەڕێكەوت، شاندەكە پێكهاتبوو لە ڕۆژ نووری شاوێس و سەعدی پیرە و فوئاد حوسێن و ڕۆمیۆ هەكاری و ماجید عوسمان و ڤیان دەخیل و محەمەد ئەحمەد.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.



وشە - رامیار جەواد