لە دووەم ڕۆژی بەردەوامی هەڵمەتی پێشمەرگە و هێزە ناوخۆیییەكانی گەرمیان بۆ سەر تیرۆریستان لە نێوان شارۆكەی كەلار و شارەدێی گوڵاڵە، دوای ئەوەی دوێنێ ئەمیرێكی داعش كوژرا، ئەمڕۆش كۆتایی بە ژیانی تیرۆریستێكی تر هێنرا.
نەوشیروان ئەحمەد یەكێك لە بەڕێوەبەرانی ئاسایشی گەرمیان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەڵمەتەكە بەردەوامی هەیە و سەعات 11:30 چەكداری ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشمان لە چەمی ڕووباری سیروان كوشت و بەردەوامیشین و بەرەو گوڵالە پێشڕەوی دەكەین تا بە تەواوی ناوچەكە پاك بكەینەوە.
عەمید عیرفان حەمەخان جێگری فەرماندەی لیوای سێی پیادەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەڵمەتەكان لە گوڵاڵە و گەرمەسێر بەردەوامی هەیە، چونكە چەند ڕۆژێكە تیرۆریستان لە دەوروبەری گوڵاڵە و قەرەتەپە بوونەتە سەرئێشە و مەترسی بۆ گوندنیشینانی ناوچەكە.
كوشتنی چەكدارێكی تیرۆریستانی داعش لەمڕۆدا، لە كاتێكدایە دوێنێ چوارشەمیش هێزەكانی پێشمەرگە ئەمیرێكی داعشیان لە سنووری ناوچەی شێخ باوەی نێوان شارۆكەی كەلاری ناوەندی یەكەی كارگێڕیی گەرمیان و شارەدێی گوڵاڵەی سەر بە شارۆكەی خانەقین كوشت، لە ماوەی هەفتەی ڕابردووش تیرۆریستان جموجۆڵیان لەو سنوورە هەیە و دوو جار هەوڵی هێرشیان داوە بۆ سەنگەرەكانی پێشمەرگە، بەڵام لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە بە قورسی تێك شكێنراون.
گەرمیان/سەبری هۆرینی.