بارزانی: پاشەڕۆژێكی گەش چاوەڕوانی خەڵكی كوردستانە

:: PM:02:29:17/08/2017 ‌

مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عیرفان عەبدولعەزیز ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان كۆبووە و ڕای گەیاند، پاشەڕۆژێكی گەش چاوەڕوانی خەڵكی كوردستانە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 17ـی ئاب/ ئۆگستس، لە هەواڵێكی ماڵپەڕی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان هاتووە، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە عیرفان عەلی عەبدولعەزیز رابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان كرد.

لەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە ماڵپەڕەكە ئاشكرای كردووە، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز دووپاتی لە هاوهەڵوێستیی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان كردەوە لە پاڵپشتیكردنی ریفراندۆم و بە بڕیارێكی نیشتمانی و مێژوویی لەقەڵەم دا، ئامادەیی خۆی و حزبەكەی بۆ سەرخستنی پرۆسەی ریفراندۆم نیشان دا.

بارزانی لەو كۆبوونەوەیە لەگەڵ ڕابەری گشتیی بزووتنەوەی ئیسلامی باسی لە بڕیاری 7ـی حوزەیرانی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كرد و بڕیاردان لە دیاركردنی رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017 بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، بە هەڵوێستێكی مێژوویی و نیشتمانی وەسف كرد، هاوكات دووپاتی لەسەر ئەوە كردەوە كە ریفراندۆم و سەربەخۆیی، بۆ رێگرتنە لە خوێنڕشتن و دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان.

سەرۆكی كوردستان دەڵێت، هەرێمی كوردستان فاكتەری سەقامگیری بووە بۆ ناوچەكە، لە دوای ریفراندۆم و سەربەخۆیی بەهەمانشێوە دەبێتە فاكتەرێكی بەهێز بۆ پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەكەدا، هەروەها پاشەڕۆژێكی گەش چاوەڕوانی خەڵكی كوردستان دەكات، چونكە بارودۆخی كوردستان و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی وەك قۆناغەكانی رابردوو نییە و دووپاتی كردەوە، گەلی كوردستان بە ئیرادەی بەهێزەوە دۆزی ڕەوای خۆی بەرەو پێشەوە دەبات.



وشە - رامیار جەواد