دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم، ئاگرێكی گەورە كارگەیەكی شاری دهۆكی گرتەوە، سەرەڕای گەیشتنی تیمەكانی بەرگریی شارستانیی دهۆك بۆ شوێنەكە و هەوڵدان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە، بەڵام تا ئێستە گڕی ئاگرەكە كڵپە دەستێنێ و كۆنتڕۆڵ نەكراوه.
بێوار عەبدولعەزیز بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی دهۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم سەعات 1:50 خولەك، ئاگر یەكێك لە كارگە گەورەكانی پارێزگای دهۆكی گرتەوە و تا ئێستە دیار نییە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكە چییە و كۆنتڕۆڵیش نەكراوەتەوە.
هەروەها گوتی، ئەو كارگەیە كارتۆن بۆ كاڵا و پێداویستییەكان دروست دەكات و دەكەوێتە پشت پێشانگەكانی ئۆتۆمبێل لە سەنتەری شاری دهۆك، بەهۆی گڕگرتنی زیانێكی زۆری مادی بەركەوتووه و خۆشبەختانە هیچ زیانی گیانی نەبووە، تیمەكانی ئاگركوژێنەوە و بەرگریی شارستانیش بە پەلە گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداوەكە، ئێستەش لە هەوڵدان ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكەنەوە.
جێی باسە لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوو ئەمە دووەمین حاڵەتی ئاگركەوتنەوەیە كە لە شاری دهۆك ڕوو دەدا و شەوی ڕابردووش بەهۆی ڕووداوێكی ئاگركەوتنەوە، ئاگر لە حەوت ماڵی سەنتەری پارێزگای دهۆك بەربوو و زیانی یەكجار زۆری مادی پێ گەیاندن.
دهۆك/نەوزاد هلۆری.