بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر گوندێكی سەر بە شارۆچكەی دووبز و سێ كوڕ و چوار پاسەوانی ئەفسەرێكی سەر بڕییوە، كەسەرجەمیان عەرەبن.
ئەمڕۆ هەینی 18ـی ئاب/ ئۆگەستس، ڕائید كانەبی محەمەد لێپرسراوی زانیاری لەهێزەكانی پێشمەرگە لەسنووری دووبز بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ گروپێكی چەكداری دەمامكدار هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی موقەدەم فەرحان حەمەد زرگان لەگوندی مەڵحەی سەر بەشارۆچكەی دووبز و سێ كوڕی و چوار پاسەوانیان ڕفاندوە.
لێپرسراوی زانیاری لەهێزەكانی پێشمەرگە دەڵێت، گروپە چەكدارەكە ئەفسەرەك و سێ كوڕی و چوار لەپاسەوانەكانی كە كەسوكاری خۆی بوونە پاش ڕفاندنیان بە چەند خولەكێك موقەدەم فەرحان بەبرینداری لەدەستیان هەڵاتووە، هەروەها كوڕو پاسەوانەكانی لەلایەن ئەو گروپەوە سەربڕدراون و تەرمەكانیان لەنزیك گوندەكە فڕێدراوە.
ئەو ئەفسەرەی پێشمەرگە دەڵێت، چەكدارەكان بڕێك زێڕ و پارەیان لەماڵی ئەو ئەفسەرە دزیوە و پاشان ماڵەكەیان بۆمبڕێژكردوە و تەقاندویانەتەوە.
گوندی مەڵحە دانیشتوانەكەی عەرەبی سوننە مەزهەبن، ماوەیەكی زۆرە لەژێر كۆنترۆڵی پێشمەرگەیە، لەئێستەشدا هێزێكی زۆر لەگوندەكە بوونی هەیەو لێكۆڵینەوەی وردیش لەسەر ڕوداوەكە دەستی پێ كردووە.