بەمەبەستی هاوكاری و یارمەتیدانی خەڵكی كەمدەرامەت و هەژار، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی ٢٠١١ بڕیاری دا بە دروستكردنی ١٠٨ شوقە لە سنووری كۆیە كە بە پڕۆژەی نیشتەجێبوونی هەژاران ناسراوە. لە دوای تێپەڕینی شەش ساڵ بەسەر دەستپێكی كارەكان، تا ئێستە كارەكانی تەواو نەبووە.
پڕۆژەی دروستكردنی ١٠٨ یەكەی نیشتەجێبوونی كۆیە كە بە یەكەی نیشتەجێبوونی هەژارانیش ناو دەبرێ، ساڵی ٢٠١١ لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە بڕی چوار ملیار و 628 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە، كە دەكەوێتە نزیك گەڕەكی هەرمۆتە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەولێر سەرپەرشتی دەكرێ.
خەڵكی هەژار و كەمدەرامەتی كۆیە، بە دروستكردنی ١٠٨ یەكەی نیشتەجێبوونی كۆیە دڵگەش بوون، دەیانخواست زوو كارەكانی ئەو پڕۆژەیە بەكۆتا بێ و ببنە یەكێك لە سوودمەندانی پڕۆژەكە، بەڵام بەهۆی تێپەڕبوونی چەندان ساڵ بەسەر كاتی دیاریكراوی خۆی، لە سوود وەرگرتن بێ ئومێد بوون.
فەرمان محەمەد گەنجێكی كۆیەیە و ژیانی هاوبەشی پێك هێناوە، بۆ "وشە" دەڵێ، "پڕۆژەی هەژاران یەكێك بوو لە پڕۆژە گرنگ و پڕ بایەخەكان بۆ خەڵكی كەمدەرامەت، بەتایبەتی ئەو گەنجانەی تازە ژیانی هاوبەش پێك دێنن، سەرەتای پڕۆژەكە ئومێد و ترووسكایی دەبینرا، بۆ ئەوەی ببین بە خاوەن شوێنی نیشتەجێبوونی سەربەخۆ و تایبەت، بەڵام لە دوای تێپەڕبوونی شەش ساڵ، تا ئێستە كارەكانی تەواو نەكراوە و دیار نییە كەی تەواو دەكرێ".
ماهیر حەمەدەمین بەڕێوەبەری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەولێر، بۆ "وشە" باس لەوە دەكات، ساڵی ٢٠١١ بڕیاری دروستكردنی پڕۆژەی ١٠٨ یەكەی نیشتەجێبوون لە كۆیە درا، ئەركی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە لە ئەستۆی كۆمپانیای (میلەت) بوو، بەگوێرەی ڕێككەوتنی دوولایەنە دەبوو لە ماوەی 400 ڕۆژ، سەرجەم كارەكانی ئەو پڕۆژەیە تەواو بكرایە.
بەڕێوەبەری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەولێر، دەڵێ، "كێشە و تەنگژەی دارایی فاكتەری سەرەكییە بۆ تەواو نەكردنی كارەكانی ئەو پڕۆژەیە، ڕاستە سەرەتای كاركردن لەو پڕۆژەیە بارودۆخی دارایی كوردستان باش بوو، بەڵام چەند جار ماوەی زیادكراو بە كۆمپانیای جێبەجێكراو دراوە، بەهۆی بوونی بارانبارین و ڕێگرتن لە كاركردن، بە پشتبەستن و هاوئاهەنگی كەشوهەوای ناوچەكە كە دیاری دەكەن، ماوەی ئەوەندە ڕۆژە بەهۆی كەشوهەواوە دەرفەتی كاركردن نەبووە. هاوكات ساڵانە ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، 29 ڕۆژ مۆڵەتی ڕەمەزانانە دەدا بە كۆمپانیا".
"تەواوی هۆكارەكانی دواكەوتن و سست بەڕێوەچوونی كارەكان، بە دۆكیۆمێنت و بەڵگە لەلای ئێمە پارێزراوە، ئەگەرچی ئێستە بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە ئەنجوومەنی وەزیران ماوەی لەسەر كۆمپانیاكان لاداوە، چونكە بڕە پارە و پێشینەی نەبووە بیدات بە كۆمپانیاكان. لە ساڵی ٢٠١٤ەوە كارەكانی ئەو كۆمپانیایە زۆر بەسستی و لەسەرخۆ دەچێ" حەمەدەمین وای گوت.
لای خۆیەوە عەباس فەتاح جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە"ی روون كردەوە كە لە سەرەتادا بەشێوەیەكی ورد بەدواداچوونیان بۆ پڕۆژەی هەژارانی كۆیە كرد، بۆ ئەوەی بەزووترین كات و لە وادەی خۆیدا كارەكانی تەواو بكرێ. بەڵام "لە سەرەتای بەدواداچوونمان وەك نوێنەری شاری كۆیە لە پەرلەمان، بۆمان دەركەوت پڕۆژەكە لە سەرەتاوە كارەكانی بە سستی و خراپی بەڕێوە چووە و شێوازی دروستكردن و بیناكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون لەسەر شێوازی ستاندارد و مۆدێرن و بنەمای ئەندازیاری نییە. لەبەرئەوە حكوومەتمان لەو كەموكوڕییانە ئاگادار كردەوە، بەمەبەستی پێكهێنانی لیژنەی تایبەت و پسپۆڕ، بۆ ئەوەی لە ئایندە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی سوودمەند لەو یەكانەی نیشتەجێبوون دروست نەبێ".
زیاتر دەڵێ، "لیژنەی تایبەت بەگوێرەی ڕێنوێیی و یاساكانی خۆیان، كارەكانیان جێبەجێ كرد، بەشێوەیەك لە ئایندە ترس لەسەر گیانی دانیشتوانی نەمێنێ. ئێستە كۆمپانیا بەشێوەیەكی زۆر سست و لەسەرخۆ لە كاركردن بەردەوامە و كارەكانی دەكات".
بەڵام بەڕێوەبەری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی هەولێرە، لەبارەی خراپی كوالێتی یەكەكان دەڵێ، "دوای ئەوەی بۆمان دەركەوت كۆمپانیای جێبەجێكار بەشێوەیەكی باش كارەكانی بەڕێوە نەبردووە، دەستمان كرد بە پشكنین و لێكۆڵینەوە لەبارەی شێوازی كارەكان و دروستكردنی بیناسازییەكەی، بەشێك لە بانەكان (سەقف) لە تاقیگەی پشكنینی كەرەستە دەرنەچوون، بۆیە لیژنەی ڕاوێژكاری كۆلیژی ئەندازیاری وەك لایەنی سێیەم هاتە ناو كێشە و گرفتەكە و پشكنینی لۆت تیست واتە باركردنیان بۆ سەقفەكان كرد و لەو ناوەدا دوو سەقف لەو پشكنینە دەرنەچوون و هەڵوەشێنرانەوە".
وشە/ كۆیە- زامدار ئەحمەد