سوننەكان لیستێكی نوێ دروست دەكەن

:: AM:09:06:19/08/2017 ‌

گەورە بازرگانێكی سوننەی عێراق جیا لە خەمیس خەنجەری بازرگانی عێراق، لیستێكی نوێ بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دروست دەكات و ئامانجیشی بردنە پێشەوەی گەنجانی شەقامی سوننەیە بۆ ناو پەرلەمانی عێراق.

مەسعوود ئەكرەم زەنگەنە نوێنەری ناوچەكانی باشووری عێراق لەو لیستە بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو لیستە سەعد بەزازی گەورە بازرگانی عێراق و خاوەنی كەناڵی شەرقییە خاوەنداری دەكات و ناوی پرۆژەی نیشتمانییە بۆ ڕزگاری عێراق، خودی سەعد بەزاز سەرۆكایەتی لیستەكە دەكات و زۆرێك لە لایەنە سوننەكانی تێدا كۆ كراوەتەوه، بۆ ئەوەی هەمووان بەیەكەوە بەشداری هەڵبژاردن بكەن و ژمارەیەكی كاریگەری كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەدەست بێنن.

هەروەها گوتی، ئامانجی ئەو لیستە ڕزگاركردنی عێراقە لەو دۆخە بێسەروبەرەی تێی كەوتووە و هەموو شتێك خراپە و تێكچووە، بۆیە ئەو پڕۆژەیە عەرەبی سوننە و كورد و توركمانەكان و شیعەش تێیدا بەشدار دەبن و لە سەرجەم شارەكانی عێراق نوێنەرمان دەبێ و لە داهاتوویەكی نزیكیش دەست دەكەین بە دیاریكردنی نوێنەرانمان لە شارەكانی عێراق و پلان و بەرنامەی لیستەكە دادەڕێژین.

ئاماژەی دا، زۆربەی كەسەكانی ناو ئەو لیستە گەنجان و كەسانی پاكن، هەر كەسێك لە گەندەڵی و دزی لە سامانی گشتی عێراق تێوەگلابێ لەو لیستە دوور دەكرێتەوە و بوونی نابێت.

كەركووك/دلۆڤان مەجید كاكەیی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د