هۆزی لهێب: پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستانین

:: AM:11:21:19/08/2017 ‌

شێخێكی هۆزی لهێبی عەرەبی سوننە، دووپات لە پشتیوانی هۆزەكەی بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكاتەوە و ئاماژە بەوەش دەدات، كە لە 10ی مانگی داهاتوو ئەوان كۆنگرەی هۆزەكەیان دەبەستن و هەمووان بەیەكەوە پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان ڕادەگەیەنن.

شێخ یەعقووب یوسف لهێبی كەسایەتی ناودار و شێخ لە هۆزی عەرەبی لهێب كە لە سنووری پارێزگای دیالە نیشتەجێن، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، وەك هۆزی لهێب زۆرینەی ڕەهامان لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستانین و دەمانەوێ ناوچەكان دابڕاوەكان بخرێنەوە سەر كوردستان، هەموومان لە چوارچێوەی دەوڵەتی كوردستان بە ئاشتی و ئارامی و دوور لە تەقینەوە و تیرۆر و توندوتیژی بژین.

هەروەها گوتی، ئێمە سوورین لەوەی دەمانەوێ ببین بە بەشێك لە دەوڵەتی كوردستان و نامانەوێ لەگەڵ كوردستان جیا بین، چونكە بە مانەوەمان لە عێراق ژیانمان لە مەترسیدا دەبێ، بەڵام پێشمەرگە و كوردستان سەرچاوەی پاراستنی ئێمە بوون لە كاتی هاتنی داعش و باوەڕێكی تەواویشمان هەیە بەو شێوەیە بەردەوام دەبن.

ئەو شێخەی هۆزی عەرەبی سوننە دووپاتی كردەوە، كە ئەوان وەك هۆزی لهێب بەرنامەیان داناوە ڕۆژی 10ی مانگی داهاتوو كەسایەتی و پیاوماقووڵ و شێخەكانی هۆزی لهێب كۆنگرەیەكی ساز بكەین و لەو كۆنگرەیە هەموو پێكهاتەكانی هۆزی لهێب لە سنووری كەركووك و دیالە بە فەرمی و لە كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا پشتیوانی خۆمان بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان ڕادەگەیەنین.

داقووق/زانیار داقووقی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د