مانچستەر سیتی بەنیازە بەتەواوی بەرشەلۆنە وێران بكات
یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزی بەنیازە لەم هاوینەدا لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی لەدەست یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی دەربێنێ و دوای رۆیشتنی نیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەڕازیلی، یانەكە بەتەواوی وێران بكات.
گرێبەستەكەی میسی كۆتای ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا كۆتایی پێ دێ و ئەگەریش تا سەرەتای ساڵ گرێبەستەكەی نوێ نەكاتەوە، ئەوا یانەی بەرشەلۆنە دەبێت لە هاوینی داهاتوودا بەبێ بەرامبەر دەستبەرداری بێت.
رۆژنامە ئینگلیزییەكان بڵاویان كردەوە: شێخ مەنسووڕ بن زاید ئال نهیانی خاوەنی یانەی مانچستەر سیتی بەرژدی كار لەسەر ئەوە دەكات دەستەوارەیەك پێشكەش بە یانەی بەرشەلۆنە بكات بۆ ئەوەی لە رێگەیەوە بەفەرمی میسی بباتە یانەكەیەوە.
دەستەوارەكەی شێخ زاید بۆ میسی برێتی دەبێت لە 300 ملیۆن یۆرۆ كە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەكەیە لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە، هەروەها مووچە هەفتانەكەشی بۆ 500 هەزار پاوەن زیاد دەكەن.
یانەی مانچستەر سیتی ماوەیەكی زۆرە كار لەسەر گرێبەستكردن لەگەڵ میسی دەكات و دوای وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەكەش لەلایەن پێپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانییەوە ئەم گرینگیپێدانە زیادی كردووە.
لای خۆیەوە جۆردی مێستری جێگری سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە هەفتەی رابردوو بۆ دەزگاكانی راگەیاندن ئاشكرای كردبوو كە بەمزووانە میسی گرێبەستەكەی نوێ ناكاتەوە و بەڵكو چاوەڕێی كاتێكی گونجاو دەكات، لە هەمانكاتیشدا جەختی كردەوە كە كارەكان كۆتاییان هاتووە و رێككەوتنی تەواو لەنێوان یانەكە و یاریزانەكەدا هەیە سەبارەت بە درێژكردنەوەی گرێبەستەكە.
یانەی بەرشەلۆنە بەرۆیشتنی نیمار تووشی كێشەی گەورە بووەتەوە و ئاستی یانەكە بەتەواوی دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەگەری یانەی مانچستەر سیتی لەگەڵ میسیش رێك بكەوێ ئەوا یانەكە بەتەواوی وێران دەبێت.
وشە -
ئامانج ئهكرهم