خومار ره‌شید خانمه شێوه‌كارى ناسراوى كوردى نیشته‌جێى ئه‌ڵمانیا، تابلۆی زۆرى بۆ ناساندنى نه‌ته‌وه‌كه‌ى به‌دنیا، ده‌نه‌خشێنێ و چه‌ندان پێشانگه‌ى له ده‌ره‌وه‌ى وڵات كردووه‌ته‌وه و تێیدا سروشتى جوانى كوردستان و تواناى ژنانى كوردى ده‌رخستووه. ئه‌و له دیدارێكى "وشه"دا ئه‌زموون و چالاكییه‌كانى ده‌خاته روو.
چۆن خۆت به خوێنه‌ران ده‌ناسێنێ؟
ناوى ته‌واوم خومارى وه‌ستا ڕه‌شیدى هونه‌رمه‌ند، له سلێمانى چاوم به‌دنیا هه‌ڵهێناوه و له كۆیه گه‌وره بووم، باوكم كۆییه و زۆرجار به خومار كۆیی بانگ ده‌كرێم، هه‌ر له كۆیه خوێندنى سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندیم ته‌واو كردووه، دواتر په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كانى سلێمانیم به پله‌ى دووه‌م ته‌واو كرد، له‌وكاته‌ى بۆ یه‌كه‌م جار له كوردستان په‌یمانگه‌ى هونه‌ره جوانه‌كان كرایه‌وه.
چه‌ند پێشانگه‌ت له ناوه‌وه و ده‌ره‌وه‌ى وڵات كردووه‌ته‌وه؟
تا ئێسته چه‌ندان پێشانگه‌ى هونه‌رى تایبه‌ت به كاره‌كانم له ده‌ره‌وه‌ى وڵات كردووه‌ته‌وه كه ده‌گاته نزیكه‌ى 35 تا 37 پێشانگه، تازه چووبوومه ده‌ره‌وه‌ى وڵات باسم له تراجیدیاى وڵاته‌كه‌م ده‌كرد، به‌ڵام دواى مانه‌وه‌م به‌هۆى كاریگه‌رى ده‌وروبه‌ره‌وه، ستایلى كاركردنم گۆڕى بۆ ڕه‌نگ و شێوازێكى ئابستراكت .
دواى گه‌ڕانه‌وه‌ت چه‌ند تابلۆیه‌كى تایبه‌ت به سروشتى كوردستانت نه‌خشاند، ئه‌وه چۆن بوو؟
ساڵانێك له ده‌ره‌وه ژیام، به سه‌ردان گه‌ڕامه‌وه و چووم بۆ سه‌ردانى هاوینه‌هه‌واره‌كانى كوردستان و دواى دابڕانێكى زۆر توانیم چه‌ند تابلۆیه‌ك بكێشم له جوانى چیاكان و سه‌وزایی و ئاوى سازگارى كوردستان.
چى واى لێ كردى كار له‌سه‌ر تابلۆیه‌كى تایبه‌ت بكه‌یت كه باس له كارى هه‌ره‌وه‌زى ده‌كات له كولتوورى كورده‌واری و تێیدا ژنان شانبه‌شانى پیاوان ده‌ركه‌وتوون؟
ناوه‌ڕۆكى تابلۆكه باس له رۆڵى ئافره‌تى كورد ده‌كات، حه‌زم كرد گه‌وره‌یی و ئازایه‌تیى ئافره‌تى كورد ده‌ربخه‌م كه چۆن توانیویه‌تى هه‌ر له كۆنه‌وه شانبه‌شانى پیاو به هه‌ره‌وه‌زى كار بكات و له چوار دیوارى ماڵ بچێته ده‌ره‌وه و كاتێكى خۆش به‌سه‌ر به‌رێت و چێژ وه‌ربگرێت له‌گه‌ڵ هاوڕێیانى و له هه‌مانكاتدا كارێكیش ئه‌نجام ده‌دات .
ده‌ته‌وێت له‌ڕێى هونه‌ره‌وه رۆڵ و تواناى ئافره‌تى كورد نیشان بده‌یت؟
له‌و كاره‌م گه‌وره‌یی و پیرۆزى ئافره‌تى كوردم نیشان دا كه كارى سه‌ره‌كى ته‌نیا ماڵ و منداڵ به‌خێوكردن نییه، به‌ڵكو هه‌زاران ئافره‌تى كورد بۆ خۆیان كاریان كردووه و منداڵه‌كانیان به‌خێو كردووه و به‌بێ یارمه‌تى پیاو یا كه‌سانى تر، بژێوى ڕۆژانه‌ى بۆ په‌یدا كردوون.
پێت وایه گرنگه بۆ هونه‌رمه‌ند خاوه‌ن بڕوانامه‌ى زانستى تایبه‌ت به كاره‌كه‌ى بێت؟
به‌ڵێ گرنگه هونه‌رمه‌ند بایه‌خ خوێندن بدات تا به‌شێوه‌یه‌كى ئه‌كادیمى فێر بێت، سوودى زیاتره ئه‌گه‌رچى هونه‌ر به‌هره‌ی خوداییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گرنگى پێ بدرێت به‌شێوه‌یه‌كى ئه‌كادیمى كارى له‌سه‌ر بكرێت و بخوێنرێت، باشتر قووڵ ده‌بێته‌وه له كاره‌كه‌ى، گرنگیدان به‌توێكارى و ڕوانگه له كارى هونه‌رى زۆر پێویسته.
كه‌ى بۆت ده‌ركه‌وت تواناى وێنه‌كێشانت هه‌یه؟
له سه‌ره‌تاى منداڵیمه‌وه خولیاى هونه‌رى شێوه‌كارى بووم، له پۆلى پێنچه‌مى سه‌ره‌تایی، مامۆستاى وێنه منى ده‌رخست كه تواناى هونه‌رى وێنه‌كێشانم هه‌یه.
یه‌كه‌م كارى هونه‌ریت چى بوو و له كوێ ده‌ركه‌وتى؟
یه‌كه‌م كارى هونه‌ریم له به‌شداریكردنى چالاكییه‌كانى قوتابخانه بوو، له پێشانگه‌یه‌كدا به سێ تابلۆ به‌شداریم كرد له قوتابخانه‌ى شیرین، بۆ یه‌كه‌م جار له قوتابخانه‌كه‌م له پێشبڕكێ پله‌ى یه‌كه‌مم به‌ده‌ست هێنا كه هه‌رگیز له یادم ناچێت، سه‌عاتێكى سه‌رمێزم به‌خه‌ڵات پێ درا، ئه‌وه بووه پاڵپشتییه‌كى باش بۆم.
هونه‌رمه‌ند ده‌توانێت له‌ڕێى هونه‌ره‌وه بژێوى ژیانى دابین بكات؟
نه‌خێر، هونه‌ر هیچ كاتێك نابێته هۆى ئه‌وه‌ى بتوانیت پێی بژیت، هه‌رچه‌نده من تابلۆم زۆر فرۆشتووه، به‌ڵام هه‌ر ناتوانم بڵێم بووه‌ته بژێوى ژیانم .
كڕیارى تایبه‌تى به‌رهه‌مه‌كانت هه‌یه؟ له كوێ تابلۆى زیاترت فرۆشتووه كوردستان یا ده‌ره‌وه؟
نه‌خێر كڕیارى تایبه‌تم نییه، زیاتر له ده‌ره‌وه‌ى وڵات تابلۆم فرۆشتووه، چونكه لاى ئێمه تا تابلۆى كۆپى و چینى هه‌بێت، تابلۆى ره‌سه‌ن نایه‌ته كڕین.
خه‌ڵك له وڵاتان زیاتر ئاماده‌ى پێشانگه‌كان ده‌بن به جیاواز له‌گه‌ڵ كوردستان؟ هۆكاره‌كه‌ى بۆچى ده‌گێڕیته‌وه؟
به‌ڵێ، پێشانگه له وڵاتان زۆر گرنگى پێ ده‌درێت، بارودۆخى ئه‌مڕۆ زۆر كارى كردووه‌ته سه‌ر نه‌چوون بۆ پێشانگه‌كان و به‌شدارى نه‌كردن تێیدا، لایه‌نى دارایی‌ش رۆڵ ده‌بینێ وه‌ك هاتوچۆ كه خه‌ڵك ناتوانێ بچێته سه‌ردانى پێشانگه، له‌و ڕووه‌وه زۆرجار راگه‌یاندنیش رۆڵ ده‌بینێ. خه‌ڵك له كوردستان وه‌ك ئاهه‌نگى ژن گواستنه‌وه ده‌بێت لێی بگێڕییه‌وه، ئه‌گه‌رنا نایه‌ته پێشانگه، كه‌واته بینه‌ر خۆى نه‌گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته ڕۆشنبیرییه‌ى وێڵى هونه‌ر بێت و به‌دواى بچێت.
پێت وایه خانمه هونه‌رمه‌ندانى كورد توانیویانه ئه‌كادیمییانه كاره هونه‌رییه‌كانیان بكه‌ن؟
ناتوانم زۆر به‌ڕاشكاوانه بڵێم، به‌ڵام ده‌بینم ئافره‌تان كار ده‌كه‌ن، له‌وانه‌یه به‌پێی پێویست نه‌بێت، هونه‌رمه‌ندى كوردى باشمان هه‌یه و ئاستى باشیشیان هه‌یه، به‌ڵام چی بكه‌ین كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه حه‌ز له بێگانه‌په‌رستى ده‌كات، كورد گرنگى به تابلۆ نادات و بینه‌رى ئێمه جارێ ماویه‌تى گرنگى تایبه‌ت به تابلۆ بدات، گرنگى به‌جێ په‌نجه و هونه‌رى كوردى بدات.
وه‌ك ده‌بینین هونه‌رمه‌ندان كار بۆ شكاندنى یه‌كترى ده‌كه‌ن، ئه‌مه بۆچی؟
هونه‌رمه‌ندانى وڵات رۆڵ ده‌بینن بۆ شكاندنى یه‌كتر، خۆم وام به‌سه‌ر هات له ساڵى 1998 له ئه‌ڵمانیا تازه له كه‌مپ ده‌رچووبووم، پاسپۆرتم وه‌رگرت بێ ئه‌وه‌ى هیچ شاره‌زاییه‌كم هه‌بێت له‌و شاره، ته‌نانه‌ت شیریتى مه‌تریال كڕینم نه‌ده‌زانى و زمانم نه‌ده‌زانى، به چوار منداڵى بچووك و شیره‌خۆر و بێ پاره له ده‌مى خواردنى خۆم و منداڵم ده‌گرته‌وه بۆ ماوه‌ى دوو هه‌فته شه‌و و ڕۆژ كارم ده‌كرد، بۆ من زۆر سه‌خت بوو ئه‌ركى منداڵم له‌سه‌ر بوو، خه‌وم له خۆم تاڵ كرد تا له بۆنه‌یه‌كى ئه‌ڵمانى به‌شدار بم، 27 تابلۆم نه‌خشاند له‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه، توانیم به خه‌ڵكى ئه‌ڵمانیای بگه‌یه‌نم كه سه‌دام چى له كورد كردووه و به‌یه‌ك ڕۆژ پێنج هه‌زار كوردى كیمیاباران و شه‌هید كرد، ئه‌وه‌بوو پێشانگه‌كه‌م كرده‌وه و زۆر سه‌ركه‌وتووانه هونه‌رمه‌ندان و بینه‌رى ئه‌ڵمانى بینییان. به‌ڵام كوردێك یه‌كسه‌ر خه‌به‌ری دابوو به فه‌رمانگه‌ى په‌نابه‌ران كه من تابلۆم به هه‌زار مارك فرۆشتووه! تابلۆكان هه‌موو گوزارشتیان له تراجیدیا و ده‌رده‌سه‌رى و نه‌هامه‌تى كورد ده‌كرد، له ئیره‌یى خۆیان سكاڵایان لێ كردم، كورده به‌شه‌ره‌فه‌كه پاداشتیان دامه‌وه كه من هه‌موو ئامانجم ئه‌وه‌بوو كه كوردم ناساند به ئه‌ڵمانییه‌كان و باسى خه‌م و په‌ژاره و ئازاره‌كانى كوردم كرد.
وشه/ شاخه‌وان شێخانى