عەدنان موفتی:به‌غدا شكستی هێناوه‌ و كوردیش مافی خۆیه‌تی ڕیفراندۆم بكات

:: PM:03:00:19/08/2017 ‌


ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیدارێكدا دووپات لەوە دەكاتەوە، گەلی كوردستان وەك هەر گەلێكی تر مافی خۆیەتی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و ئاماژە بەوەش دەكات، ئەو عێراقەی لە 2003 هیوامان لەسەری هەڵچنی، بەرەو شكست و جێبەجێ نەكردنی مافەكانی كورد هەنگاوی نا، تا گەیشت بە بڕینی بودجەی خەڵكی كوردستان.

عەدنان موفتی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دیدارێكی لەگەڵ بەرنامەی "ئەلمەشهەد"ی كەناڵی بی بی سی عەرەبی دەڵێ، گەلان جیاوازن و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش هەزاران ساڵە هەن، هەر گەلێكیش مافی خۆیەتی مافی چارەی خۆنووسینی خۆی پێڕەو بكات، ئەگەر پرسیار لەهەر كوردێك بكەی، مەبەستم ئەو كوردەیە كە هەست بە نەتەوەكەی و مافی مرۆڤ بكات، دەڵێ، منیش دەمەوێ ئێمە وەك گەلانی تر وڵاتی خۆمان هەبێ، ئەو دەوڵەتە بمانپارێزی و پاسپۆرتی دەوڵەتی خۆمان هەبێ،  دوای جەنگی یەكەمی جیهان مافی ئێمە پێشێل كرا، هەرچەندە پرەنسیپێك هەبوو كە دووپاتی لەسەر ئەوە دەكردەوە، هەموو گەلانی ناوچەكە قەوارەی تایبەتی خۆیان دەبێت، دوای 2003 ئێمە چووینەوە بەغدا دەستوورێكی نوێ هاتە كایەوە، بۆ یەكەم جار لە دەستووری عێراق نووسرا كە عێراق دەوڵەتێكی فیدراڵیی و دیموكراتییە، ئێمەش بە گەلی كوردستانمان گوت، ئەوەی ئێستە دەوڵەتێكی جیاوازە، بەشداری نووسینەوەی دەستوور و حكوومەتی عێراقمان كرد.

عەدنان موفتی ئاشكرای كرد، عێراق ڕووبەڕووی تیرۆر بووە و ئەمەش بەهۆی هەڵەی سەرەتاوە ڕووی دا، چونكە لەو خەڵكانە خۆش نەبوو كە پێوەندییان بە ڕژێمی بەعسەوە بوو، ئەمەش ڕقی دروست كرد و گەشەی بە تیرۆر دا، جگەلەوەش عێراق لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە شكستی خواردووە و گەندەڵی تەشەنەی سەندووە. لەبارەی كوردستانیش مادەی 140 لە دەستوور هەبوو، لەسەر ناوچە كوردستانییەكان، هەرچەندە ئێمە گومانمان لە كوردستانیبوونیان نییە، بەڵام ویستمان بە ڕێگەیەكی یاسایی چارەسەر بكرێن،  دەبوو بەر لە كۆتای 2007 چارەسەر بكرێ و جێبەجێ بكرێ، بەڵام حكوومەت بەو كارە هەڵنەستا، لەسەر پرسی نەوت و گاز بەهەمان شێوە ڕێككەوتن كرا لە نێوان سەرۆك مەسعوود بارزانی و سەرۆك وەزیران نووری مالیكی لەسەر پڕۆژە یاسای نەوت و گازی عێراق، بەڵام تا ئێستە ئەو بابەتە لە بەغدا كاری لەسەر نەكرا، حكوومەتی عێراق دەیەوێ لە سیاسەتی نەوتیش مەركەزییەت بێ و هەموو شتێك لای وەزیری نەوت بێ، بەڵام هیچ كەس لە عێراقی نوێ ئەمە قبووڵ ناكات.

هەروەها دەڵێ، جگەلەوەش هێز دروست كران لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، وەك دروستكردنی هێزەكانی دیجلە، ئەمەش لە دەرەوەی ڕێككەوتنەكان بوون و ئەوان بە جۆرێك كە لە سەرووی ئێمە بن مامەڵەیان دەكرد، چونكە دەیانگوت كە پارە و بودجەیان لای بەغدایە، سەرەڕای ئەوەش بێ هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووری بودجەی كوردستانیان بڕی، ئەمانە هەمووی هۆكارن بۆ بڕوا نەمان بە عێراق.






وشە - باز ئه‌حمه‌د