پاش 10 ساڵ شارى یارییه‌كه‌ى كه‌لار دروست نه‌كرا

:: PM:03:44:19/08/2017 ‌
 
له‌ شارۆكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی یه‌كه‌ى كارگێڕیى گه‌رمیان، ته‌نیا یه‌ك شاری یاری هه‌یه‌ كه‌ پێش 10 ساڵ به‌ كرێ به‌ به‌ڵێنده‌رێك دراوه‌، به‌ڵام ئێسته‌ به‌ڵێنده‌ره‌كه‌ ده‌ستى به‌ دروستكردنى چه‌ند یه‌كه‌ و باڵه‌خانه‌یه‌ك كردووه‌ و زیاده‌ڕۆیش كراوه‌ته‌ سه‌ر پڕۆژه‌كه‌.

ئه‌نوه‌ر عه‌بدولقادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی گه‌شتوگوزاری گه‌رمیان به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، گرنگیدان به‌ شاره‌كان تایبه‌ت به‌ یاری له‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌ك ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ راكێشانی زیاتری سه‌رنجی گه‌شتیارانی بیانی و ناوخۆیى، به‌ڵام ئه‌و پڕۆژانه‌ له‌ گه‌رمیان بوونیان نییه‌.

ئه‌و ده‌ڵێ، "به‌و پێیه‌ی كه‌لار ده‌روازه‌یه‌كی سنوورییه‌ له‌گه‌ڵ ئێران و ناوچه‌كانی عێراق، ده‌بێ تێیدا زیاتر بایه‌خ به‌ كه‌رتی گه‌شتوگوزار بدرێت و شاری یاریش ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزاره‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى گه‌شتیارانى ناوخۆیى و بیانى رووى تێبكه‌ن".

شیرین مه‌حموود چالاكی بواری منداڵان به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، زۆر گرنكه‌ بۆ پاراستنی گیانی منداڵان گرنگی به‌ شاری یاری بدرێت، بۆ ئه‌وه‌ی منداڵان په‌نا نه‌به‌نه‌ به‌ر یارییه‌ سه‌فه‌رییه‌كان، چونكه‌ له‌ كه‌لار و ناوچه‌ی تری كوردستانیش منداڵان بوونه‌ته‌ قوربانی یارییه‌ سه‌فه‌رییه‌كان له‌ ماوه‌كانی رابردوودا یان به‌هۆى یاریكردنیان له‌ كۆڵان و سه‌رشه‌قامه‌كان تووشى رووداوى نه‌خوازراو بوونه‌ته‌وه‌.

ئه‌كره‌م ساڵح سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌لار به‌ "وشه‌"ی راگه‌یاند، له‌ناو شاری یاریی كه‌لاردا ئێسته‌ دوو باڵه‌خانه‌ دروست ده‌كرێ، ئه‌و دوو پڕۆژه‌یه‌ له‌ نه‌خشه‌ی بنه‌ڕه‌تی ئه‌و شاری یارییه‌دا هه‌یه‌، به‌ڵام زۆر دوا كه‌وتووه‌.

زیاتر ده‌ڵێ، "ئه‌و باڵه‌خانانه‌ پێك هاتوون له‌ مۆڵ و خواردنگه‌، ده‌بوو پێش 10 ساڵ كه‌ پڕۆژه‌كه‌ به‌ موساته‌حه‌ بۆ ماوه‌ى 25 ساڵ به‌ به‌ڵێنده‌ره‌كه‌ كرا، ده‌ست به‌جێبه‌جێكردنیان بكرێت، به‌ڵام نه‌كرا".

سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌لار باسی له‌وه‌ كرد 10 ساڵ تێپه‌ڕیوه‌ و ماوه‌ی 15 ساڵ ماوه‌، دواتر شاره‌وانی جارێكی تر به‌كرێی ده‌داته‌وه‌.

له‌باره‌ی بوونی زیاده‌ڕۆیی له‌و شاری یارییه‌، سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌لار ئاماژه‌ی دا، "زیاده‌ڕۆیی كراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و شاری یارییه‌ و واژوومان به‌ به‌ڵێنده‌ره‌كه‌ كردووه‌ بۆ لادانی هه‌ندێك زیاده‌ڕۆیی و ده‌بێت لایان بدات".

محه‌مه‌د ته‌رخانی كرێگرته‌ی پڕۆژه‌ی شاری یاریی كه‌لار بۆ "وشه‌" باسی له‌وه‌ كرد كه‌ "دروستكردنی ئه‌و باڵه‌خانانه‌ی كه‌ له‌ پڕۆژه‌كه‌دا هه‌یه‌، راسته‌ ماوه‌ی 10 ساڵ پاش كه‌وتووه‌، به‌ڵام هۆكاره‌كه‌ی بۆ بوونی ته‌نگژه‌ى دارایی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ گرفتی تایبه‌ت به‌خۆمان، به‌ڵام ماوه‌ی 15 ساڵمان ماوه‌ و كارى تێدا ده‌كه‌ین".

ئه‌وه‌شی خسته‌ روو، "بێ ئاگاین له‌وه‌ی كه‌ زیاده‌ڕۆیی كرابێت، بۆ ئه‌وه‌ش ئاماده‌ین به‌ هه‌ڵگرتنى هه‌ر زیاده‌ڕۆیییه‌ك كه‌ شاره‌وانى بڕیارى له‌سه‌ر بدات".

وشه‌/ گه‌رمیان- سه‌برى هۆرێنى




وشە - تایبه‌ت