چین پشتیوانی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان ده‌كات

:: PM:04:04:19/08/2017 ‌
پسپۆڕێكی بواری پێوەندییەكانی چین لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاوێژكاری دەزگەی هەواڵگری چین، دووپاتی ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە حكوومەتی پەكین بە هەموو توانایەوە پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان بكات، ئەمەش تاكە ڕێگەیە بۆ ئەوەی ئاسایشی نەتەوەیی چین، بەرامبەر بە تیرۆریستان و هەوڵەكانی ئەنكەرە و واشنتن بپارێزێ، كە دەیانەوێ تیرۆریستان بۆ توركمانستان و ڕیزەكانی سوپای ڕزگاری توركمانستان بگوازنەوە كە دوژمنی چینن و لە سنوورەكان بەردەوام پشێوی دروست دەكەن.

د. كریستینا لین توێژەر لە سەنتەری پێوەندییەكانی زەریای ئەتڵەسی لە زانكۆی سایز جۆنز هۆبكنز و پسپۆڕ لە بواری پێوەندییەكانی چین و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕاوێژكاری نووسینگەی هەواڵگری چین بۆ كاروباری كیمیایی و بایۆلۆجی و چەكە تیشكدەرەكان، لە بابەتێكی كە لە پێگەی ئاسیا تایمز بڵاو كردووەتەوە دەڵێ، بە ڕوانین لە ڕووداوە خێراكان كە لە باكوری عێراق و سووریا تێپەڕ دەبێ، ئەگەری هاتنە دی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستان زۆر بەهێزە و زۆر لە وڵاتانیش پشتیوانی ئەو دەوڵەتەیان ڕاگەیاندووە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلیش بنیامین نەتانیاهۆ دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە كوردەكان شایستەی ئەوەن دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان هەبێ.

هەروەها دەڵێ، ڕووسیا دەستی بە پشتیوانیكردنی كوردانی سووریا كردووە و ڕێی داوە كوردانی ڕۆژئاوا نوێنەرایەتی دیپلۆماسی لە مۆسكۆ بكەنەوە، هاوكات حكوومەتی چینی تا ئێستە پشتیوانی بزووتنەوە جوداخوازەكانیان نەكردووە، بەڵام لە 2009 دوای ئەوەی كۆمپانیای نەوتی چین "سینۆپیك" لەگەڵ كۆمپانیای ئەداكس پیترۆلیۆم پشكایەتی لە كێڵگەی نەوتی تەقتەق لە كوردستان هەیە، ئەمەش وای كرد چین پەرە بە وەبەرهێنانی زیاتری لە بواری نەوت و ژێرخانی ئابووری كوردستان بدات، وەك ئەنكێت باندا دەڵێ، بەرژەوەندیی نیشتمانی چین لە پشتیوانیكردنی دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆدایە، چونكە ئەمە لە ڕووی ئابووری و وزەوە یارمەتییەكی زۆری چین دەدا، ئەمە جگەلەوەی بەرژەوەندیی ئاسایشی چین لە كوردستان و عێراق و سووریا بوونی هەیە، بە پشتیوانیكردنی پەكین لە كوردستان، كێشە تەناهییەكانی لەسەر ئەو تیرۆریستە چینییانەی ڕوویان لە نێو داعش كردووە، كۆتای پێ دێت.

ئاماژەی داوە، چین لە سووریا بەرژەوەندییەكانی لەژێر نیگەرانی گەورەدان، بەهۆی زۆربوونی هەژموونی ئەمەریكا بەسەر گرووپەكانی سووریا، وەك میشێل فلۆرنۆی ڕاوێژكاری پێشووی هیلاری كلینتن دەڵێ، بڕیاری دروستكردنی ناوچەی دژە فڕین لە لیبیا و سووریا هەردووكی شكستیان هێناوە و سیاسەتی ئەمەریكا بەرەو شكان لە سووریا هەنگاو دەنێ، بۆیە ئەو پسپۆڕە دووپات لەوە دەكاتەوە كە پێویستە چین پشتیوانی كوردەكان بگرێ، چونكە زۆرێك لە چەكدارانی داعش خەڵكی وڵاتانی ئاسیا و چینن، ئەمەش هەڕەشەیەكی مەترسیدار دەبێ، ئەگەر هیچ بەربەستێك لە بەردەمیان دروست نەكرێ، ئاسایشی ئاسیا دەخەنە مەترسییەوە، بە تایبەت ئەگەری بەهێزبوونی سوپای ڕزگاری حزبی توركمانستانی ئیسلامی لە سنوورەكانی چین، مەترسین بۆ سەر دۆخی تەناهی وڵاتەكە.

ئەو دەڵێ، خەڵكی چین بەر لە حكوومەتی پەكین دركیان بە پێویستی پشتیوانیكردنی كوردەكان كردووە، بۆیە چەندان هاووڵاتیی خۆبەخشی چینی ڕۆیشتوونەتە عێراق و سووریا تا لە ڕیزی هێزەكانی كورد دژی تیرۆریستان بجەنگن، ئەمەیش وای كردووە چین بە شێوەیەكی یەكلاكەرەوە هاوسۆزی لەگەڵ كوردەكان هەبێ، كە لە جیاتی هەمووان شەڕی تیرۆر دەكەن و ڕێگرن لە بڵاوبوونەوەی تیرۆریستان بە دنیا بەگشتی و ئاسیا بە تایبەتی. 

نووسەر دەڵێ، هەریەك لە توركیا و ئەمەریكا پشتیوانی سوپای "فەتح"ی توركمانستان دەكەن، دژ بە چین، پێویستە چینیش بە پشتیوانیكردنی دەوڵەتی كوردستان وەڵامی ئەنكەرە و واشنتن بداتەوە، لە بەرامبەر هەوڵەكانیان بۆ پشتیوانیكردنی سوپای "فەتح"ی توركمانستان و بۆ ئەگەری تێكدانی دۆخی ئاسایشی وڵاتی چین، ئەمەش بە تەواوی هەڵوێستی ساڵی 1995ی توركیامان بیر دێنێتەوە، لەو كاتەی سوپای چین لە گۆڕەپانی تیانانمن و لە وێستگەی كۆنمینگ ڕووبەڕووی چەكدارانی سوپای "فەتح"ی توركمانستان بووەوە، توركیا ناوی كوژراوانی بە "شەهیدەكانی توركستانی ڕۆژهەڵات" ناو برد و بە هاووڵاتیی كۆماری توركیا هەژماری كردن.

د. كریستینا دەڵێ، چینییەكان پێویستی زۆریان بە هاوپەیمانی كوردەكانە لە شەڕی دژ بە تیرۆر لە ناوچەكە بە گشتی، ناتوانن بێ كوردەكان ڕووبەڕووی تیرۆر ببنەوە، چونكە ئەگەری گواستنەوەی تیرۆر بۆ ناوچە مسوڵمانەكانی هیندستانیش هەیە كە نزیكن لە سنوورەكانی چینەوە، بە سەربەخۆبوونی كوردستان، هەڕەشەی تیرۆر كەمتر دەبێتەوە و سەرچاوەیەكی تری وزەش دێتە ناو بازاڕی وزەی جیهانی، ئەمەش بە تەواوی لە بەرژەوەندی چیندایە و هەموو ئەو هەڕەشە تەناهییانەش بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی كۆماری چینی میلیی كۆنتڕۆڵ دەبێ، بۆیە پێویستە بە كردەیی چین پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستان بكات.

سەرچاوە/ئاسیا تایمز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د